سەردێر

خولێكی راهێنان بۆ خاوەن پڕۆژە بچووكەكان لەهەڵەبجە كرایەوە

خەڵك
لە پارێزگای هەڵەبجە و لە ‌ماوەی رۆژانی 12و 13 و 16/6/2021 ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە و رێكخراوی كورد-مادبۆ گەشەپێدانی كولتوری و دیموكراسی، لە زانكۆی هەڵەبجە، خولێكی راهێنانیان بۆ 15 خاوەن پڕۆژەی بچووك كردەوە.

ژیر بورهان فەرەج، راهێنەر لە خوولی راهێنان و ڕێكخەری پەیوەندییەكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا كە ئەو پڕۆگرامە لە سێ بەشی سەرەكی پێكدێت كە، دەتوانرێت‌ بخرێتە خزمەتی لاوانی كوردستان جێبەجێبكرێت بۆ چەند ئاستێك، لەوانە: بەشی (GYB) بۆ ئەو گەنج و لاوانەی كە خاوەنی هیچ بیرۆكەیەكی كار و پرۆژە نین تا بتوانن بیرۆكە دابمەزرێنین و ببنە خاوەن پرۆژەی خۆیان.

وتیشی، بەشی (SYB) كە بۆ كەسانێكە كە خاوەن بیرۆكەن، بەڵام هێشتا دەستیان پێنەكردووە و ناتوانن بڕیار بدەن و بەشی سێیەمیش بریتییە لە (IYB) بۆ كەسانی خاوەن پڕۆژەیە به ‌مەبەستی باشتركردنی پرۆژەكەیان‌ و هێشتنەوەی لەبازاڕی كاردا.

هەر سەبارەت بە خوولی راهێنانەكە، سامان ساڵح فەرەج، راهێنەر و بەڕێوەبەری رێكخراوی كورد-ماد بۆ گەشەپێدانی كولتوری و دیموكراسی،‌ رایگەیاند” ئەم خولی راهێنانە لە چوارچێوەی بەرنامەی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی (ILO) دایە كه، لە عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێدەكرێت و راهێنان به ‌خاوەن پڕۆژەی زۆر بچووك، بچووك و مامناوەندەكان‌ دەكرێت لەسەر بنەمای پڕۆگرامی پەسەندكراوی زانستی كە به ‌ناوی (دەست به ‌پڕۆژەكەت بكە و باشتری بكه ‌- SIYB)یە”.

وتیشی: لەم خولەدا ئێمە لەگەڵ خاوەن پڕۆژەكان راهێنانمان كردووە لەسەر پرۆگرامی: پڕۆژەكەت باشتر بكە-(IYB) كە تایبەتە بەو كەسانەی خاوەنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی یان بەرهەمداریی بن و لە شوێنێكی دیاریكراو كاربكەن، كە هەندێجار لەم جۆرە كارانەدا كچان و ژنان پڕۆژەكانیان لە ماڵەكانیاندایە.
سەبارەت بە سوودی خوولی راهێنانەكە وتی: “ئەم خوولی راهێنانە هاوكاری خاوەن پڕۆژەكان دەبێت لە كۆمەڵێك بواردا، بەپلەی یەكەم؛ پلاندان بۆ كار و هەروەها چۆنێتی رزگاربوونی پڕۆژە زۆر بچووك و بچووك و مامناوەندەكان، لە مەترسی و داخستن و زیانكردن، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن پرۆژەكان فێری بنەماكانی دانانی تۆماری ژمێریاریی دەبن بۆ سەرجەم پرۆسە ژمێریارییەكانی پڕۆژەكانیان، تا لە كۆتاییدا بگەنە قازانج و پڕۆژەكانیان بەردەوامبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، جگە لە خوولی راهێنانی خاوەن پڕۆژەكان هەردوولایەنی رێكخەری خوولەكه، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە و رێكخراوی كور-ماد،‌ دانیشتنی راوێژكاریی تاكەكەسی بۆ هەر بەشداربوویەك رێكدەخەن بە مەبستی پێداچونەوەی زانیاری و وەڵامدانەوەی پێداویستییەكانی پڕۆژەكانی بەشداربووان.

وتیشی” ئەو پڕۆگرامە لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان جێبەجێدەكرێت و رۆڵێكی باش و كاریگەری لە گەشەپێدانی ئابووری وڵاتدا لەڕێگەی پڕۆژە بچووكەكانەوە هەیە”.
خوولی راهێنانی خاوەن پڕۆژەكان سێ رۆژی خایاند و لە كۆتاییدا بڕوانامەی سەركەوتن درایە بەشداربووان.