سەردێر

“عیراق مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت”

خەڵك
حكومەتی عیراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی مانگانە بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت كەلە مانگی یەكی ئەمساڵەوە هەژمار دەكرێت.

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆكار و باری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لە٢٠٢١/١/١ هەژمار بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی وهەرێم دەستیان بەووردبینی لە داهاتە نانەوتیيە فیدراڵییەكان كردووە لە ماوەیەكی نزیكدا راپۆرتی هاوبەشیان ئامادە دەبێت ،و بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێكردنی پابەندییەكانی تری یاسای بودجە.

خالید شوانی ئەوەشی وتووە، هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەر كردنی كۆی كێشەكان و مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان و سوپاسی پشوودرێژی خەڵكی كوردستان دەكەین.