سەردێر

لەبارەی فۆرمی بەشە خۆراكەوە داوایەك لە هاووڵاتیان دەكرێت

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ، داوا لە هاووڵاتیان دەكات ناسنامەی یەكگرتوو دەربكەن، بۆ ئامادەكاریی لەپیناو دەستكردن بە دەركردنی فۆرمی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراك.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵەوە بڵاوكرایەوە”ئیبتیهال هاشم بەڕێوەبەری فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەت، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی بەڕێوەبەرانی لقەكانی بەشەخۆراكی لە بەغدا و پاریزگاكان كردووە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”ئیبتیهال هاشم لە كۆبوونەوەكەدا بەپێویستی زانیوە هەوڵەكان چڕبكرێنەوە لەپێناو تەواوكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان، وێڕای گفتووگۆ لەسەر تەواوی كێشە و ئاستەنگان و چارەسەركردنیان، بە تایبەتیش كردنەوەی پرۆسەكانی گواستنەوە و سڕینەوە”، لە هەمان كاتدا جەختی لەسەر پێویستی هاندانی هاووڵاتیان كردەوە بۆ مەبەستی “دەركردنی ناسنامەی یەكگرتوو لەپێناو زەمینەسازیی بۆ دەركردنی فۆرمی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراك”.