سەردێر

بڕیارێكی دیكە بۆ بەشەخۆراكی هاووڵاتیان دەركرا

خەڵك-
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە ڕەزامەندییان داوە لەسەر دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی گواستنەوەی پسووڵەی خۆراك لەنێوان پارێزگاكاندا.

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، عەلا جبوری، وەزیری بازرگانی ڕەزامەندی داوە لەسەر دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی گواستنەوەی پسووڵەی خۆراك لەنێوان سەرجەم پارێزگاكانی عێراق.

ڕاشیگەیاندووە، وەزیر سەردانی یەكێك لە ناوەندەكانی خۆراكی لە فەلوجە كردووە و لەگەڵ هاووڵاتیان گفتوگۆی كردووە سەبارەت بە میكانیزمی گواستنەوەی پسووڵەی خۆراك.

وتیشی، “ئەو سەردانەی وەزیر لە چوارچێوەی سەردانەكەیەتی بۆ پارێزگای ئەنبار و چاودێری كردنی هەڵمەتی بەبازاڕكردنی گەنم و بەدواداچوون بۆ شێوازی كاری كۆگاكانی وەزارەت”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریدا بە زیادكردنی بەشەخۆراكی دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنی (نۆك و نیسك و فاسۆلیا) بۆ سەر بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان، كە پێكهاتووە لە (برنج و شەكر و زەیت و ئارد).