سەردێر

لەبەر ئەم هۆكارە نرخی دۆلار ڕوو لە دابەزین دەكات

خەڵك-
ئابوریناسێك پێشبینی دەكات، لەماوەی دوو هەفتە و سێ‌ هەفتەی داهاتوودا نرخی دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی ڕوو لە دابەزین بكات، گەر بانكی ناوەندی بەردەوام بێت لەسەر خستنەڕووی زیاترى دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆ.


مەحمود داغر، بەڕێوەبەری پێشووی پرۆسەكان لە بانكی ناوەندی عیراق، لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی ڕایگەیاند”دوای پەسەندكردنی بودجەی گشتی داواكاریی لەسەر دۆلار زیادی كرد، پەرەسەندنەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دواییش، بە تایبەت لە بەغدای پایتەخت، گوشارێكی زۆريان لەسەر دۆلار دروستكرد، بۆیە بانكی ناوەندی بڕیاریدا دۆلاری زیاتر بخاتە بازاڕەوە بۆ كەمكردنەوەی گوشارەكە”.

بە وتەی داغر”گەر بانكی ناوەندی لەسەر خستەنەڕووی دۆلار بەردەوام بێت، ئەوا پێشبینی دەكرێت نرخەكەی بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێشووی كە 147 هەزار دینارە و نرخی فەرمییە بۆ خەڵك”.

چاوەڕوان دەكرێت بەهای دۆلار داببەزێت، دوای ئەوەی بانكی ناوەندی ڕووی لە فرۆشتنی دۆلاری زیاتر كرد بە بانكەكان و خاوەن كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی دراو، ئەمەش لەكاتێكدایە كە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا، 150 هەزار دیناری تێپەڕاند.