سەردێر

لیژنەی دارایی: حكومەت نرخی دۆلار كۆنترۆڵ دەكات

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پارەی زیاتر بۆ دەوڵەت دەستەبەر دەكات و بانكی ناوەندیش سێ‌ ملیار دۆلاری بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕ تەرخان كردووە.

ئەمڕۆ پبێنج شەممە، جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پارەی زیاتر بۆ حكومەت دەستەبەر دەكات، بانكی ناوەندیش سێ‌ ملیار دۆلاری بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەكان تەرخان كردووە، ئەو پارە تەرخانكراوەش نرخی مەوادە خۆراكی و بازرگانییەكان كۆنترۆڵ دەكات”.

بە وتەی جەمال كۆچەر”بانكی ناوەندی 460 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی ئاشكرادا فرۆشتووە، تا بازاڕ كۆنترۆڵ بكات، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش بەهۆی خستنەڕوو و داواكاریی لەسەر دراوەكەوەیە”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق پێیوایە”بوونی پارەی زیادە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كە ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێكی گەیشتە زیاتر لە 72 دۆلار، هاوكار دەبێت لە كۆنترۆڵكردنی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەكان”.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نرخی شتومەك و پێداویستی و كاڵاكان لە بازاڕەكاندا لە عیراقدا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوەبینی.