سەردێر

“حكومەت بە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار چاكسازیی دەكات”

خەڵك-
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، سیاسەتەكانی حكومەتی عیراق بە هەڵە ناودەبات و دەڵێت بە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار چاكسازیی دەكات و هاووڵاتی دەكاتە قوربانی.

بەهادین نوری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”حكومەت بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بە چاكسازیی دادەنێت و پێیوایە كاریگەریی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام تاكە زەرەرمەند لە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار هاووڵاتییە”.

بە وتەی پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا”حكومەت نەك هەر نرخەكانی كۆنترۆڵ نەكردووە، بگرە نرخی دۆلاریشی كۆنترۆڵ نەكردووە كە لە بەرزبوونەوەیەكی بەردەوامدایە”.

بەهادین نوری، ئاماژەی بەو هەوڵانەش كرد كە بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان خرانەگەڕ، “بەڵام لایەنە سیاسییەكان پشتگیریی دەكەن و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بە ئاراستەیەكی پێچەوانەدا دەڕوات، بۆیە بەداخەوە زۆربەی بڕیارە داراییەكانی حكومەت هەڵەن”.

بەهۆی سیاسەتە داراییەكانی حكومەتی عیراق كە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەشێكییەتی، ماوەیەكە نرخی مەوادە خۆراكییەكان لە بازاڕەكانی ناوخۆدا ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، نرخی 100 دۆلاری ئەمریكاییش 150 هەزار دیناری عیراقی تێپەڕاندووە.