سەردێر

پێشانگایەكی بەرفراوانی ئێرانی لە سلێمانی دەكرێتەوە

خەڵك-

بەڕێوەبەری عێراقی كۆمپانیای پێشانگا نێودەوڵەتیەكانی باشوری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ڕایدەگەیەنێت، بەمەبەستی ناساندنی توانا و پێشكەوتنەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری وەبەرهێنان و پیشەسازی و تەكنەلۆژیا پێشانگایەكی گەورە لە ڕۆژانی 22 بۆ 26ی ئەم مانگە لە سلێمانی دەكرێتەوە.

سروش سازانی، بەڕێوەبەری عێراقی كۆمپانیای پێشانگا نێودەوڵەتیەكانی باشوری پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژئاوا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دووەمین پێشانگای بازرگانی تایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی
لەلایەن كۆمپانیای پێشانگا نێودەوڵەتیەكانی باشوری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە شاری میاندواب بەڕێوەدەچێت.

وتیشی، “ئامانجی بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگایە ناساندنی توانا و پێشكەوتنەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە لە بواری وەبەرهێنان و پیشەسازی و تەكنەلۆژیا و ئامادەیی بازرگان و وەبەرهێنەرە ئێرانییەكان لە بازاڕی هەرێمی كوردستان و بەرزكردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی”.

ڕوونیشیكردەوە، لە پێشانگاكەدا نزیكەی 100 بۆ 120 كۆمپانیای ئێرانی بەشدار دەبن و ڕووبەری پێشانگاكە نزیكەی 7000 مەتر دووجایە، بەشێوەیەك بەراورد بە پێشانگای پارساڵ، كە یەكەمین پێشانگای تایبەت بوو زۆر گەورترە.

ئاشكراشیكرد، لە ماوەی بەڕێوەچوونی پێشانگاكە نزیكەی 500 وەبەرهێنەر و بازرگانی گەورەی ئێرانی میوانی شاری سلێمانی دەبن و ئامادەی پێشانگاكە دەبن، چاوەڕوانی ئەوەش دەكەین ڕێككەوتنی گەورە لە نێوان بازرگان و وەبەرهێنەرە ئێرانیەكان ئەنجام بدرێت.

جەختی لەوەش كردەوە، سەرەڕای پەیوەندی بەهێزی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و دراوسێیەتی هەردوولا، ئێرانیەكان زۆر خۆشحاڵن كە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانیەكانیشیان بەهێزتر بكەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پێشانگاكە هەموو بوارەكانی تێدایە وەك و كەرەستەی خۆراكی و پیشەسازی و فەرش و مۆبیلیات و پیترۆ كیمیاوی و كەرەستەی بیناسازی و تەكنەلۆژیا و كارەبای و پێداویستییەكانی ناو ماڵ و نەوت و پێكهاتەكانی و چەندین بواری جیاوازی تر، چونكە ئێرانیەكان لە بەشداریكردنی ئەم پێشانگایەدا سوودی دوو لایەنەیان دەوێت بە جۆرێك، كە بتوانن كاڵای باش و كوالێتی بەرز ڕەوانەی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن و پێداویستیەكانی خەڵك پڕ بكەنەوە و لە بەرامبەردا لە فرۆشتنی كاڵاكانیان داهاتیان دەست بكەوێت.