سەردێر

برنجی پاكستانی لەگەڵ بەشەخۆراك دابەش دەكرێت

خەڵك-
بەبڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق لە چوارچێوەی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیاندا، برنجی پاكستانی لە بریكارەكانی خۆراك دابەش دەكرێت.

شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، دوو پشك لە برنجی پاكستانی بۆ سلێمانی دیاری كراوە و تا ئێستا 1600 تەن گەیشتۆتە سلێمانی.

ڕاشیگەیاند، سلێمانی بۆ پشكی یەك مانگ پێویستی بە 6 هەزار تەن برنج هەیە و لە ئێستادا ئەو بڕەی بەدەستمان گەیشتووە لە مەڵبەندی یەك-ەوە دەست بە دابەشكردنی كراوە بەسەر بریكارەكانی خۆراك و هاووڵاتیاندا.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە گەیشتنی دوو كەشتی برنج بە عێراق لە كەشتی یەكەم 1600 تەن هاتووە و بڕیارە لە بەشی دووەمیش بڕەكەی دیكە بگاتە دەستمان.

وتیشی، “بەشەخۆراكی مانگی 4 بەسەر بریكارەكان دابەش كراوە و دەست دەكەین بە بەشەخۆراكی مانگی 5 لە شەكر و ڕۆن و ئەو برنجەش، كە بەدەستمان گەیشتووە دابەشی دەكەین”.