سەردێر

هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ئاشكرا دەكرێت

خەڵك-
لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق، هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی لە بازاڕەكاندا ئاشكرا دەكات.

نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی لیژنەكە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی لە بازاڕەكان، بەهۆی نەبوونی چاودێری توندی حكومەتەوە لەبەرانبەر یاریكردن بە نرخی خەرج لەلایەن دەستدڕۆیشتووەكان و خاوەن بانك و نوسینگەكانی دراو، بە تایبەتیش كە زۆربەیان سەر بە لایەن و كەسێتییە دەسەڵاتدارەكانن”.

بە وتەی نەدا شاكر جەودەت”بازرگانە مافیاكانیش لە بازاڕدا یاریی بە نرخی دۆلارەوە دەكەن، لەپێناو بەرزكردنەوەی نرخی مەوادی خۆراكی و كاڵاكانی تر، ئەمەش كارێكی مەترسیدارە و بەهۆی نەبوونی چاودێری حكومەتەوەیە، چونكە بازاڕ لەلایەن هەندێك لە بازرگانە دەستڕۆیشتووەكانەوە كۆنترۆڵكراوە، لە سایەی نەبوونی ڕۆڵی چاودێری حكومی، بۆیە دەبینین دۆلار ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات”.

ئەندامەكەی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عیراق، هۆشداریی دەدات لە “بەردەوامیی نەبوونی چاودێری حكومی كە واتای بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەگەیەنێت لەبەرانبەر دیناری عیراقی، ئەمەش دەبێتە مایەی ڕوودانی كارەساتی مرۆیی و ئابوری نوێ‌ لەنێو ئەو هاووڵاتیانەی خاوەنی داهاتێكی سنوردارن یان بێكارن”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێم ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە بەهای 100 دۆلار گەیشتۆتە نزیكەی 150 هەزار دیناری عێراقی.