سەردێر

(خەڵك) هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئاشكرا دەكات

چەندین وێستگەی سووتەمەنی مۆڵەتی كاركردنیان نییە

خەڵك
تادێت نرخی بەنزین زیاتر بەرز دەبێتەوە و لە ئێستاشدا بۆ هەر لیترێك بڕی 50 دینار زیادی كردووە، كە بۆ چەندەمینجارە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ماوە ماوە هەرجارێك 25 یان 50 دینار بۆ نرخی بەنزین زیاد دەكرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە ژمارەی وێستگەكانی سوتەمەنیش بەردەوام لە هەڵكشاندان سەرەڕای ئەوەی هەندێكیان مۆڵەتی كار كردنیان نییە وەك ئەوەی ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسیدەكات.

كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە خەڵكی ڕاگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگا نییە، بەڵكو پەیوەندیدارە بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئێمە تەنها دەسەڵاتێكی چاودێرین.

سەبارەت بە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، كەریم عەلی دەڵێت، ئەو ڕێگە خۆشكەرییەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەیكات بۆ زیاد كردنی نرخ و دانانی باج لەسەر سنوورەكان و وەرگرتنی پارەی نا پێویست لە بار هەڵگرەكان هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.

“بازرگان و خاوەن وێستگەكان بەویستی خۆیان قازانج زیاد دەكەن”

وتیشی، نەبوونی ڕێنماییی بۆ چاودێریكردنی نرخ لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە و زۆری وێستگەكانی سووتەمەنی و هێنانی سووتەمەنی لە دەرەوە هۆكارن هەم بۆ گران بوونی نرخ و هەم بۆ دابەزینی كوالێتیش.

هۆكارێكی دیكە ئەوەیە كە بەنزینی هەرێمی كوردستان هاوردەیە واتە بازرگانییە و لە ژێر دەستی بازرگانەكان و خاوەن وێستگەكانی سوتەمەنیدایە و بەویستی خۆیان قازانج زیاد دەكەن بەبێ‌ هیچ چاودێرییەك.

“بەنزینی كوالێتی خراپ هاوردە دەكرێت”

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسیلەوەشكرد، لە ڕووی كوالێتی بەنزینەوە ڕێنمایی تایبەت هەیە و لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان لە ناوچەكان بە توانایەكی سنووردارەوە چاودێریدەكەن و لە هەر جێگایەك بەنزینی كوالێتی خراپ هەبێت لێپرسینەوە دەكەن، بەڵام ئەو لێپرسینەوەیە وەك پێویست نییە، چونكە ڕێگە خۆشكردن هەیە و گومانمان هەیە بەنزینی خراپ هاوردە بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمەش وەك ئەنجوومەن لەگەڵ لیژنەكانی چاودێری بازگانی چاودێربووین و داواشمان لە هاووڵاتیان كردووە لە هەر جێگایەك هەستیان بە بوونی بەنزینی كوالێتی نزمكرد ئاگادارمان بكەن و لە ڕابردووشدا ئاگادار كراوینەتەوە.

باسیلەوەشكرد، مەرجەكانی دانانی وێستگەی سوتەمەنی زۆرن و پێویستی بە ڕەزامەندی نزیكەی 15 لایەن هەیە وەك ژینگە و ئاو و ڕێگەوبان و نەوت و كانزاكان و هاتووچۆ و شارەوانی و گەشت و گوزارو چەند لایەنێكی دیكەی پەیوەندیدار و هاوكات فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی پێویستە.

“لە سلێمانی و گەرمیان چەندین وێستگەی سووتەمەنی بێمۆڵەت هەن”

كەریم عەلی دەڵێت: لەنێو سەنتەری پارێزگای سلێمانی چەندین وێستگە هەیە كە پێشێلی تەواوی ڕێنماییەكانی كار كردنیان كردووە و بێمۆڵەتیشن، لە سنووری گەرمیان نزیكەی 15 وێستگەی مۆڵەتدار و 70 وێستگەی بێمۆڵەت هەیە.

وتیشی: لەناو سەنتەری سلێمانی و دەوروبەری نزیكەی 70 وێستگەی سووتەمەنی هەیە وژمارەی وێستگە بێمۆڵەتەكانیش بە دڵنیاییەوە زۆر زیاترن لەو ڕێژەیەی لە گەرمیان هەیە، چونكە سنوورێكی فراوانەو ئامارێكی ورد لەبەرەستدا نییە و هۆكاری ئەوەش چاوپۆشی و كەمتەرخەمی لایەنە ئیدارییەكانە.