سەردێر

كازمی و جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی بانكی نێودەوڵەتی كۆبوونەوە

خەڵك

مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، ئەمڕ‌ۆ سێشەممە 1ی ئایاری 2021 لەگەڵ سەید فەرید بلحاج، جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی بانكی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باكووری ئەفریقا و شاندی یاوەری كۆبووەوە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لەمیانی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی شێوازەكانی پێشخستنی هاوكاری لەنێوان عیراق و بانكی نێودەوڵەتی لەسەرجەم بەرنامە و كایە جیاوازەكاندا، هەروەها گفتوگۆ كرا لەبارەی میكانیزمەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بنیاتنانەوەی پێكهاتەی خزمەتگوزارییەكان بۆ بەرزكردنەوەی تواناكان و چەسپاندنی گەشەپێدانی بەردەوام و وەبەرهێنانی تەواوی سامانی مرۆیی و كاراكردنەوەی بەشێك لە پڕۆژە لەكاركەوتووەكانی بانكی نێودەوڵەتی لەعیراق و ڕێككەوتن لەبارەی شێوازی پێویست بۆ كاراكردنەوەیان.

ئاماژەبەوەشدراوە، مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق جەختیشی لەوە كردەوە كە سەرەڕ‌ای هەموو ئاڵنگارییەكان، بەڵام بەردەوامن لەسەر ڕێگەی چاكسازیی ئابووری.

كازمی ڕوونیشی كردەوە كە حكومەت بەر لەهەموو شتێك، بەرژوەندییەكانی وڵات و گەلی عیراقی بەلاوە گرنگە، سەرەڕ‌ای سوود وەرگرتن لەو ئامۆژگارییانەی كە دامەزراوە داراییەكانی وەك بانی نێودەوڵەتی پێشكەشی دەكەن.

لای خۆیەوە، سەید بلحاج ستایشی پەیوەندییە مێژوویی و ستراتیژییەكانی بانكی نێودەوڵەتی كرد لەگەڵ عیراق، ئاماژەشی بەوەرەقەی سپی چاكسازی كرد كە حكومەت پێشكەشی كردووە و كە خۆی لەتێڕ‌وانێنیكی پێكەوەیی دەبینێتەوە بۆ گەشەپێدانی ئابوورییەكی بەهێز و سەركەوتوو، كە ببێتە مایەی بەهێزكردنی ئاستی حوكمڕ‌انی لەوڵاتدا.