سەردێر

داهاتی نەوتی عیراق بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد

خەڵك-
وەزارەتی نەوتی عیراق بڕی نەوتی هەناردەكراو و داهاتەكەی لە مانگی ئایاری ڕابردوو ئاشكرا دەكات و ئاماژە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و داهاتە بەدەستهاتووەكان دەكات بەراورد بە مانگی ڕابردوو.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”، بەپێی داتاكانی هەناردەی نەوت، كە لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە پێیان دراوە، لە مانگی ئایاری ڕابردوو بڕی نزیكەی 89 ملیۆن و 881 هەزار و 268 بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كراوە”.
هەر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتدا هاتووە”كۆی داهاتی بەدەستهاتوو دەكاتە 5 ملیار و 882 ملیۆن و 356 دۆلار”، ئەمەش بەراورد بە مانگی پێشوو ڕووی لە زیادبوون كردووە.

وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت”بەبۆنەی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت لە بازاڕی جیهانیدا هەر بەرمیلێك نەوت بە 65 دۆلار و 65 سەنت فرۆشراوە”، ئەمەش بەراورد بە مانگی ڕابردوو كە نرخی بەرمیلێك نەوت 62 دۆلار بوو، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینوە.