سەردێر

لەسەر دابەشكردنی مووچە حكومەتی هەرێم ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئاستەنگ لە بەردەم پڕۆسەی چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت.

سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم و هۆكاری دواكەوتنی، جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێمە وەك حكومەت بەڵێنمان داوە 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكەین و چوار مانگ بەردەوام بووین بێ ئەوەی بەغدا یەك دینار بنێرێت.
وتیشی”توانیمان بەپێی توانا و ئەو داهاتەی لە دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبووە، مووچە دابەش كراوە، ئەمە نزیكەی 11 مانگە حكومەتی عێراق پارەی نەناردووە، ئێمە بەردەوامین لەسەر بەڵێنی خۆمان، كێشەش دەبێت لە ئاستی كۆكردنەوەی داهات لە سەرجەم خاڵە سنوورییەكان و ئیدارەكان، ئومێدەوارین ئەم بابەتە كورتخایەن بێت و دووبارە نەبێتەوە”.

ئاشكراشیكرد، لەگەڵ نیگەرانی خەڵكین و سوپاسیان دەكەین بۆ پشوودرێژیان و بەردەوام دەبین لە دابەشكردنی مووچە، بە دڵنیاییەوە گرفت هەن و هیوادارم لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەم گرفتانە چارەسەر بكرێن و خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەین، ئەمە حاڵەتێكی كاتییە و بە ڕاشكاوانەش بڵێم، بەربەست لە بەردەم حكومەت درووست دەكرێت سەبارەت بە چاكسازی و ئومێدەوارین لایەنەكان هاوكاربن بۆ ئەوەی بتوانین وەك ئەوەی بەڵێنمان داوە مووچە دابەش بكرێت.

سەبارەت بە دابەشكردنی مووچە، ناوبراو ڕوونیشیكردەوە، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەكەین و ئەو بەرپرسە لەو بابەتە، حكومەتی هەرێم وەك یەك تیم كاری كردووە، بەربەست هەن لەگەڵ ئەم یەكڕیزییەی ناو حكومەت، ئومێدەوارم ئەو لایەنانە هەوڵ بدەن پشتیوانی ئەو یەك تیمی و یەك ڕوئیایەی حكومەت بكەن.