سەردێر

“پێویستە فشاری مەدەنی دروست بكرێت بۆ ڕێگری لە گەندەڵی”

خەڵك
ئەو دادوەرەی لەسەر لێبڕینی مووچە دەستیلەكاركێشایەوە، ئەمڕۆ نامەی دەستلەكاركێشانەكەی دایە دادگا و دەشڵێت، پێویستە فشاری مەدەنی دروست بكرێت بۆ ڕێگری لە گەندەڵی.

گۆران بەرزنجی، ئەو دادوەرەی لەسەر لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دەستی لەكار كێشایەوە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ووتی، بڕیاری دەستلەكار كێشانەوەم هیچ پاڵنەرێكی سیاسی لە پشت نەبووە، پشتیوانی لە هەنگاوەكانی چاكسازی دەكەین.

دەشڵێت، ئەو داهاتانەی لە هەرێم هەیە بەشی ئەوە دەكات مووچەی هاووڵاتیانی پێبدرێت و كارووباری دەوڵەتیشی پێبەڕێوە ببرێت .

وتیشی، ئەندامانی پەرلەمان باس لەوە دەكەن كە داهاتەكان وەك پێویست ناگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت ئەمەش پێویستی بەوەیە فشاری مەدەنی دروست بكرێت بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لە گەندەڵی بكەین .
ئاماژەی بەوەشكرد، بابەتی مووچە پەیوەندی بە قووتی خەڵكەوەیە و نابێت كەم بكرێتەوە و دەستكاری بكرێت چوونكە بەپێی یاسا ڕێكخراوە، دەبوو مووچەی بندیوار و خانەنشینانی نایاسایی ببڕدرایە.

دەشڵێت، پێشتر وتبووم ئەگەر حكومەتی هەرێم لە لێبڕینی مووچە بەردەوام بێت دەستلەكار دەكێشمەوە، كاتێك وتەبێژی حكومەتی هەرێم دڵنیای كردینەوە كە لێبڕینەكە هەر وەك خۆیەتی بۆیە ئەمڕۆ نامەی دەستلەكار كێشانەوەكەم پێشكەشی دادگای تێهەڵچوونەوە كرد و چاوەڕێی وەڵامیانم.