سەردێر

بانكی ناوەندی زیاتر لە 152 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە

خەڵك-
بانكی ناوەندی عیراق، بڕێكی زیاتر دراوی دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 152 ملیۆن و 899 هەزار و 152 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بەراورد بە ڕۆژی پێشوو كە 148 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری خستەبازاڕەوە، هەندێك بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینی.
.
بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 3 ملیۆن و 850 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 149 ملیۆن و 49 هەزار و 152 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.

بەپێی بەیاننامەكەی بانكی ناوەندی، لە پرۆسەكەدا 28 بانك بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دینار فرۆشراوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند كە چەند ڕۆژێكە بەهۆی پاڵپشتی بانكی ناوەندی بۆ بازاڕ، بەهای دۆلار جۆرێك لە سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە و چەند ڕۆژێكە بەهای 100 دۆلار لە 148 هەزار دیناردا ڕاوەستاوە و گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەردا نەهاتووە.