سەردێر

دارایی لەسەر خشتەی دابەشكردنی مووچە ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-
وەزارەتی دارایی و ئابووری هۆكاری دابەشنەكردن و ڕانەگەیاندنی خشتەی مووچە ئاشكرادەكات و جەختدەكاتەوە، كە بە 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش دەكرێت.

میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕأن لە زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی داراییەوە بڵاویانكردەوە، بەهۆی كەمبونەوەی داهاتی ناوخۆ لەم مانگەدا و كەمی پارەی بەردەست (سیولە)، دابەشكردنی مووچە چەند ڕۆژێك درێژ دەكرێتەوە.

سەرچاوەكە دڵنیاییش دەدات، “حكومەت پابەندە كە هەر (30) ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكات”.

ئاشكراشیكرد، هەریەك لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیی و وەزیری دارایی لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو بابەتە بكەن و بە زوترین كات ئەو كورتهێنانە لە پارەی بەردەست پڕبكەنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ 25ی مانگە و دەبوو مووچەی چەند وەزارەتێك دابەش بكرێت، بەڵام بە ئەمڕۆ و سبەینێ‌ تەنها مووچەی تەندروستی دەدرێت و هیچ وادەیەك بۆ مووچەی وەزارەتەكانی دیكە دیاری نەكراوە.

پێشتر (خەڵك) لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، كە ناكۆكی یەكێتی و پارتی، كە لە لێدوانی پەڕلەمانتارەكانیانەوە سەرچاوەی دەگرێت و هەریەكەیان ئەوی دیكە بە نەگێڕانەوەی پارە بۆ خەزێنەی گشتی تۆمەتبار دەكات بۆتە هۆی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە.