سەردێر

كۆڕبەندی ئابووری بانە دەستیپێكرد

خەڵك-

بە ئامادەبوونی وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران كۆڕبەندی ناساندنی شاری بانە وەك ناوچەی ئازاد دەستیپێكرد.

كۆڕبەندەكە بە ئامادەبوونی جێگری وەزیری پیشەسازی ئێران و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی ئێران و پارێزگاری سنە و چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە و وەفدی باڵای هەرێم كە پێكهاتوون لە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و 30 سەرمایەداری هەرێمی كوردستان و ئێران، دەستیپێكرد.

یاسین مەحمود ڕەشید خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز و سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوڕدستان، كە یەكێكە لە بەشدارانی كۆڕبەندە ئابوورییەكە، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، یاسا كارپێكراوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ناوچە بازرگانی و پیشەسازییە سەربەخۆكان، ڕێگا خۆشكەرە بۆ سەرمایەدارانی دەرەكی كە پڕۆژە بە ناوی خۆیانەوە ئەنجام بدەن و مافی تۆماركردنی ڕاستەوخۆ وەردەگرن.
وتیشی”بەپێی یاسا، ڕێساكانی گومرگ زۆر ئاسان دەكرێن، جگە لەوەش هاتوچۆ لەگەل ناوچە ئازادەكان و ناوچەكانی دەوروبەری ئاسان دەبێت و ڤیزا لە نێوانیاندا نامێنێت و سەڕەڕای ئەوەش هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەو نێوەندەدا ئاسانكاری زۆری بۆ دەكرێت.
ئاشكراشیكرد، بەرهەمی ئەو ناوچانەش سوودی گەورەی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی بۆ شارۆچكەكانی پێنجوێن و كەلار، پێویستە بەرژوەندییە ئابووریەكانی خۆمان بپارێزین و هاوسەنگی بكەین.