سەردێر

كازمی: جێی قبوڵكردن نییە عیراق بەرهەمی كشتوكاڵی هاوردە بكات

خەڵك
سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، خاكی ڕافیدەین لانكەی گەشەی كشتوكاڵی و دامەزرێنەری كۆنترین شارستانییە ڕووبارییەكان، هیچ جێی باوەڕ و قبوڵكردن نییە بەرهەمی كشتوكاڵی لە دەرەوە هاوردە بكات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە دەرچووانی كۆلێژی كشتوكاڵی و جوتیاران لە پارێزگای واست باسی لەوەكردووە، خاكی ڕافیدەین لانكەی گەشەپێدانی كشتوكاڵ و كۆنترین شارستانی ڕووبارییە، باو و باپیرانتان كشتوكاڵ و تەكنیكی و هونەرەكانیان دامەزراند.

كازمی ئاماژەی بەوەشداوە، عیراق كۆگای بەرهەم و دانەوێڵە بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی لێوە هەناردە دەكرا، بەڵام بەداخەوە كشتوكاڵی عیراق زیانی بەركەوت، ئەوەش بەهۆی چەندین دەیە شەڕ و كێشمەكێشەوە.

سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشی وایە، هیچ جێی باوەڕ و قبوڵكردن نییە بەرهەمی كشتوكاڵی لە دەرەوە هاوردە بكات، لەكاتێكدا پێشتر بەرهەمهێنەریان بووە، پێویستە سەرجەم هەوڵەكان بخەینەگەڕ بۆ گەڕانەوەی عیراق بۆ پێگە كشتوكاڵییەكەی لە ناوچەكەدا، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵ درا و ئێستا چەندین بەرهەم لە پێویستی ناوخۆ زیاترە و تەنانەت هەناردەی چەند وڵاتێكیش دەكرێن.