سەردێر

بێگەرد تاڵەبانی: هەلی كار بۆ هەزاران دەرچووی بەشەكانی كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری دەڕەخسێت

خەڵك

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ڕایدەگەیەنێت:” لەڕێگەی 3 پڕۆژە یاسای گرنگ هەلی كار بۆ هەزاران دەرچووی بەشەكانی كشتوكاڵ و ڤێتێرنەری دەڕەخسێت لەكەرتی تایبەت”

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە:”وەزارەتەكەیان لە دوای ئامادەكردن و تاووتوێكردنی سێ پرۆژە یاسایی گرنگ كە بەم نزیكانە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت كە بریتین لە یەكەم، ڕەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن بۆ دەرچووانی بەشەكانی كشتوكاڵی و ڤێتێرنەری. دووەم دامەزراندن و دەستەبەركردنی سندوقی خانەنشینی بۆ دڵنیای دەرچووان لەكاتی دامەزراندنیان لەكەرتی تایبەت. هەروەها، سێیەم دامەزراندنی لێژنەی نیشتیمانی بۆ تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكانی هەرێمی كوردستان.”

بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە:”بۆ هەمان مەبەست ئەمڕۆ كۆبونەوەیەكمان لەگەڵ لێژنەی ڕاوێژكاری وەزارەت لەگەڵ حكومەتی هۆڵەندا ئەنجامدا ، لەم كۆبونەوە ڕاوێژكارییە گرنگەدا گفتوگۆ كرا دەربارەی: پێكهێنان و هاوبەشی كردنی پڕۆژەكانی بەرهەم هێنان لەنێوان كۆمپانیاكانی هۆلەندا و كۆمپانیا خۆماڵیەكان و پەرەپێدان و دابینكردنی پیشەسازی خۆراك و سوود وەرگرتن لە بەرهەمی بنەتۆی هۆلەندی و ڕاهێنان و پەرەپێدانی توێژینەوە و تاقیگەكان و دروستكردنی پڕۆژەكانی ئاو و ئاودێری و پێدانی قەرزی درێژخایەن بۆ هێنانی ئامێرەكانی تەكنەلۆژیای كشتوكاڵی بۆ جوتیاران”.

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو:”لەكۆتایدا جەخت كرایەوە لەسەر جێ بەجێكردنی ئەم تەوەرانە، كە هەنگاوێكی گرنگە لە پێشخستنی پیشەسازی كشتوكاڵی و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووان و بەبازاڕكردنی بەرووبوومی ناوخۆیی جوتیارانمان”.