سەردێر

هەفتانە پێویستە چەند سەعات كار بكەیت؟

كاركردنی سەروو 55 سەعات لە هەفتەیەكدا دەبێتەهۆی دروستبوونی جەڵتەی مێشك و نەخۆشییەكانی دڵ

خەڵك-

زۆری سەعاتەكانی كاركردن لە جیهاندا ساڵانە دەبێتەهۆی مردنی سەدان كەس ئەمەش لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا رووی لە زیادبوون كردووە، بەپێی راپۆرتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی.

بەپێی راپۆرتی ئەم رێكخراوە، 745 كەس بە هۆی جەڵتەی مێشك و نەخۆشییەكانی دڵ مردوون لە 2016 كە پێوەندییان بە درێژی سەعاتەكانی كاركردنەوە هەیە، ئەمە بە رێژەی 30% زیادیكردووە بەراورد بە ساڵی 2000.

ماریا نیرا بەڕێوەبەری كارگێڕی ژینگە و گۆڕانكاری كەشوهەوا و تەندروستی لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێـت: كاركردن بۆ ماوەی 55 سەعات یان زیاتر لە حەفتەیەكدا مەترسی بۆ سەر تەندروستی دروست دەكات.

بەپێی توێژینەوەیەكی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی زۆرینەی قوربانییەكان پیاوانن تەمەنیان لە نێوەڕاست یان گەورەترن.

زۆرینەی ئەو كەسانەی كاریگەرییان لەسەر دروستبووە، لە سنووری باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا، هەرێمەكانی خۆرئاوای زەریای هێمنن، لەوانە چین و ژاپۆن دەگرێـتەوە.

بەپێی زانیارییەكان لە 194 دەوڵەت دڵنیایی دراوە كە كاری زیاد لە 55 سەعاتی هەفتانەدا دەبێتەهۆی زیادبوونی مەترسیی جەڵتەی مێشك بە رێژەی 35%، زیادبوونی رێژەی مردن بە نەخۆشییەكانی دڵ بە رێژەی 17% بەراورد بە ئەوانەی هەفتانە لەنێوان 35 بۆ 40 سەعات كاردەكەن.

ئەم توێژینەوەیە لە نێوان 2000 بۆ 2016 كراوە، سەردەمی كۆرۆنا ناگرێتەوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن زیادبوونی كاركردن لە ماڵەوە و ئاستەنگی ئابووری بەهۆی كۆرۆناوە رەنگە مەترسییەكان زیاد بكەن.