سەردێر

دانەغاز لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ 35 ملیۆن دۆلاری لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە

خەڵك

كۆمپانیای دانەغاز بڵاویكردەوە، دوای وەستانی كارەكانیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، دەستكراوەتەوە بە فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر و دوو ساڵی تر بەرهەمی گازی سرووشتی لە هەرێمی كوردستان بەڕێژەی 60٪ زیاددەكات، ئەوەش لەڕێگەی وەبەرهێنانی 600 ملیۆن دۆلاری ئەمریكییەوە.

پاتریك ئەڵمان وارد، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەغاز لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی بەرهەمەمهێنانەوە، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتەكانی بەڕێژەی 9٪ زیادیكردووە و بەو جۆرەش پوختەی قازانجی كۆمپانیا لەو ماوەیەی ئەمساڵدا بەڕێژەی 41٪ زیادبووە و بووەتە 24 ملیۆن دۆلار، لەكاتێكدا لەهەمان ماوەی ساڵی 2020دا تەنیا 17 ملیۆن دۆلار بووە.

سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەگاز ڕوونیشی كردەوە، “كۆمپانیاكەمان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا پێشكەوتنی باشی بەدەستهێناوە و بەردەوام دەبین لە پلانەكانی زیادكردنی بەرهەم لە هەرێمی كوردستان لە 440 بۆ 690 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی لە ڕۆژێكدا لە مانگی نیسانی 2023، ئەوەش داهات و قازانجەكانی كۆمپانیاكە زیاددەكات”.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو زیادە بەرهەمەی لە هەرێمی كوردستان بەدەستهاتووە، پێگەی دارایی كۆمپانیاكەی بە بەهێزی هێشتووەتەوە.

كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشداوە، “پڕۆژەی فراوانكردنی وێستگەی كۆرمۆر كاریگەری لەسەر بەرهەمی كۆمپانیا لە چارەكی سێیەمی ساڵی 2020 و چارەكی یەكەمی ساڵی 2021 هەبووە، بە جۆرێك بەرهەمی لە هەرێمی كوردستان لە 32 هەزار و 400 بەرمیلەوە بۆ 35 هەزار بەرمیل زیادكردووە، ئەمەش ئەو كەمبوونەوەی لە بەرهەمهێنان لە میسر قەرەبووكردووەتەوە كە بەڕێژەی 5٪ بووە.”

دانەغاز دەشڵێت، لەگەڵ كۆمپانیای”نەوتی هیلال” دەستیانكردووەتەوە بە پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر، دوای وەستانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئێستا كارەكان بەردەوامن بۆ ئەوەش 600 ملیۆن دۆلار پێویستە تا بتوانرێت بەرهەمی غاز بەڕێژەی 60٪ زیادبكرێت.
هەرچی پەیوەستە بە پارەی كاشی كۆمپانیاكەوە هەیە، ئەوا لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا 149 ملیۆن دۆلاربووە و ئەوەش ڕێژەی 38٪ زیادبوونی تێدا بەدیهاتووە، بەراورد بە چارەكی كۆتایی ساڵی 2020 كە 108 ملیۆن دۆلاری هەبووە.

هەروەها كۆمپانیاكە لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بڕی 35 ملیۆن دۆلاری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە و چاوەڕوان دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەمی قەرزەكانی تا چارەكی سێیەمی ئەمساڵ بداتەوە.