سەردێر

وەزیری نەوتی عیراق داواكارە هەرێم پابەندى ڕێككەوتنی ئۆپیك‌ بكرێت

خەڵك

وەزیری نەوتی عیراق داوای لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە، تانە لە یاسای بودجە بدات ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبكرێت بە ڕێككەوتنی ئۆپیك‌ و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 334 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە كەمبكاتەوە.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عیراق لە نامەیەكدا بۆ سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، داوایكردووە لە دادگای فیدراڵی تانە لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بدرێت، چونكە ئەو گۆڕانكارییانەی لە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە كراوە، كەرتی نەوتی عیراق دوادەخات.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە سەرەتا داوایان كردبوو 11 ملیار ‌و 700 ملیۆن دۆلار وەك شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت لە بودجەدا تەرخان بكرێت، بەڵام ئەم ژمارەیە كەمكرایەوە بۆ 9 ملیار دۆلار ‌و لە دوایین گۆڕانكارییەكانیشدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەو بڕەی كەمكردەوە بۆ 6 ملیار ‌و 900 ملیۆن دۆلار، بەم بڕە پارەیەش ناتوانن كۆمپانیاكانی نەوت ڕازی بكەن لە كارەكانیان بەردەوام بن. هەر ئەمەش هانی كۆمپانیا نەوتییەكانی وەك شێڵ و ئێكسۆن مۆبیلی داوە، كێڵگە نەوتییەكانی عیراق بەجێ بهێڵن.

وەزیری نەوتی عیراق سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان، ڕەخنەی لەماددەی 11ی یاسای بودجە گرتووە ‌و ئاشكرایكردووە، بەپێی ئەو ماددەیە دەبێت بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم 460 هەزار بەرمیل بێت، كە 250 هەزار بەرمیلی بدرێتە عیراق، بەڵام ئێستا بەرهەمی نەوتی هەرێم نزیكەی 470 هەزار بەرمیلە ‌و لە یاساكەدا ڕەچاوی ئەوە نەكراوە كە پابەندبێت بە ڕێككەوتنی ئۆپیك ‌و بەشێك لە بەرهەمهێنانی نەوت كەمبكاتەوە، بۆیە داوایكردووە كە بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاتر نەبێت لە 334 هەزار بەرمیل.