سەردێر

حكومەت دڵنیایی دەداتە بەڵێندەرانی پڕۆژەی ڕێگای كەلار – سلێمانی

خەڵك

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت:”وەزیری ئاوەدانكردنەوە دڵنیایی داوەتە بەڵێندەر كە بەمنزیكانە تەرخانكراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەكە دەستنیشان دەكرێت”.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە ڕَوونكردنەوەیەكدا ئاماژە بەوەدەدات:”پڕۆژەی ڕێگای (كەلار-سلێمانی) كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكان و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن جێبەجێ دەكرێت، لە رۆژی 19/12/2017 و لەسەردەمی كابینەی پێشوی حكومەت دەستكراوە بەكاركردن تیایدا”.

جەختیش لەوە كراوەتەوە:”هەرچەندە لەكابینەی پێشوودا تەنها یەك پێشینەی بۆ تەرخانكرا كە بڕەكەی تەنها شەش ملیار و (934)ملیۆن و (260 )هەزار دینار بوو، بەڵام لەماوەی تەنها ساڵ و نیوێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، بەهۆی بەهەند وەرگرتن و گرنگیپێدانی پڕۆژەكە لەلایەن وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، بڕی (55)ملیار و (419)ملیۆن و (842) هەزار دینار بۆ بەڵێندەر خەرجكراوە و ڕێژەی ئەنجامدراویش گەیشتووەتە (53٪)”.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە ڕوونكردنەوەكەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو:”سەرباری تەواونەكردنی پڕۆژەكە لەكابینەی پێشوودا، بەڵام دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بەردەوام جەخت لەسەر زوو تەواوكردنی پڕۆژەی ڕێگای (كەلار- سلێمانی) دەكاتەوە، لەو سۆنگەیەوە لەماوەی تەمەنی ئەم كابینەیەدا پێنج جار بەشێوەیەكی مەیدانی ئەم پڕۆژەیە و پرۆژەكانی وەزارەتی لە سنوورەكە بەسەر كردووەتەوە، لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پڕۆژەكانی كۆڵیوەتەوە و بەدواداچوونی بۆ كردووە”.

هەروەها ڕوونیشكراوەتەوە:”لەپێناو خزمەتكردن بەهاووڵاتیان و دابینكردنی ڕێگایەكی سەلامەت بۆیان، ئەمە جگەلەوەی بەنوسراوی فەرمی داوای زیاتر لە (70) ملیار دیناری دیكەی كردووە بۆ بەڵێندەر و تەواوكردنی پڕۆژەكە، هاوكات وەزیری ئاوەدانكردنەوە دڵنیایی داوەتە بەڵێندەر كە بەمنزیكانە تەرخانكراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەكە دەستنیشان دەكرێت”.