سەردێر

دوای سێ هەفتە لە بەرزبوونەوەی نرخەكەی مریشك لە بازارەكان دابەزی

خەڵك
دوای سێ هەفتە لە بەرزبوونەوەی نرخی مریشك بەشێوەی بەرچاو جارێكی دیكە نرخی مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكان دابەزینی تۆماركرد ولە ئێستادا یەك كیلۆ مریشك لە كێڵگەكان بە دوو هەزار و 250 دینار بە خاوەن دوكانەكان دەفرۆشرێت.

كۆتایی مانگی ڕابردوو نرخی مریشك لە بازاڕەكاندا بەشێوەی بەرچاو بەرزبووەوە و هەر كیلۆیەك مریشكی زیندوو گەیشتە نزیكەی چوار هەزار دینار، هۆكارەكەیشی ئەوەبوو كە بەشی هەرەزۆری خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان بەهۆی ئەو زیانەی لە ڕابردوو كردبوویان جووجكیان داغڵ نەكردبوو ئەوەیش وایكرد مریشك كەمبێتەوە و خواستیشی لەسەربوو.

نازم جاف، جێگری كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندووە، بەرزبوونەوەی نرخی مریشك كاتییە، هۆكارەكەیشی‌ پەیوەست نەبوو بە خاوەن كێڵگەكان، بەڵكو ئەو زیانانەی كە پێشتر خاوەن كێڵگەكان كردبوویان بەهۆی ئەوەوە لە %70 بۆ %80ی خاوەن كێڵگەكانی هەرێم و عێراق جووجكیان داغڵ نەكردبوو بڕەكە زۆر كەم ببوویەوە.

ڕاشیگەیاندووە، نرخی مریشك لە كێڵگەكان و بازاڕەكان كەمبووەتەوە و شەوی ڕابردوو مریشك لە بازاڕەكان بە 2 هەزار و 250 دینار فڕۆشراوە، ئەوەیش نرخێكی زۆر كەمە و بەو شێوەیە خاوەن كێڵگەكان لە زیاندان، چونكە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف و جووجك و دۆلاریش، ئێستە یەك كیلۆ مریشك لە كێڵگەكان دوو هەزار و 500 دینار لەسەرمان دەكەوێت، پێشتر كە دۆلار بەرزنەببوو یەك كیلۆ دوو هەزار دینار لەسەرمان دەكەوێت.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان