سەردێر

ڕێباز حەملان زانیاری نوێ لە بارەی لێبڕینەكانی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرادەكات

خەڵك
یاریدەدەرێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەركی لەپێشینەی كابینەی نۆیەم دابینكردنی مووچەی تەواوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، دەشڵێت،”ئەگەر پارەكەی عێراق بێت لێبڕین كەمتر دەبێتەوە”.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و ئەنجوومەنی گشتی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەو پارەیەی پشكی بودجەی هەرێم لە عێراقەوە بێت بە دڵنیاییەوە لێبڕین كەمتر دەبێتەوە و هەوڵدەدەین هەر نەمێنێت.

ڕاشیگەیاندووە، وەك ئەوەی پێشتر باسی لەسەر كراوە، كە ئەركی لەپێشینەی كابینەی نۆیەم، دابینكردنی مووچەی تەواوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بۆیە هەر پارەیەك لە بەغداوە بێت، پێشینەی ئەركی حكومەت دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانە.

ئاشكراشیكردووە، كە هەموو 30 رۆژ جارێك مووچە دەدرێت ، ئێستادا بۆ دابینكردنی مووچە كە %21ی مووچە دەبڕدرێت، پێویستمان بە 720 ملیار دینارە، بۆیە گەر مووچەی تەواو بدرێت، حكومەتی هەرێم پێویستی بە 895 ملیار دینارە.

باسی لەوەشكردووە، كە چەند مانگێكە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ بەغدا مووچە دابەشدەكات.