سەردێر

بانكی ناوەندی خستنە بازاڕی دۆلار كەمدەكاتەوە

خەڵك-
بانكی ناوەندی عیراق، بڕێكی كەمتر دراوی دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 203 ملیۆن و 654 هەزار و 124 دۆلاری لە فرۆشتنی ئاشكرادا خستەبازاڕەوە، ئەمەش بەراورد بە ڕۆژی پێشوو كە 209 ملیۆن و 454 هەزار و 659دۆلار بوو، بە ڕێژەی 2.7 لەسەدا دابەزینی بەخۆوە بینی.
.
بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 18 ملیۆن و 210 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 185 ملیۆن و 444 هەزار و 124 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.

ئاشكراشی كردووە، لە پرۆسەكەشدا 31 بانك بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1460 دينار فرۆشراوە.

لای خۆشیەوەن خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، چەند ڕۆژێكە بەهۆی پاڵپشتی بانكی ناوەندی بۆ بازاڕ، بەهای دۆلار جۆرێك لە سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە.

ڕاشیگەیاند، چەند ڕۆژێكە بەهای 100 دۆلار لە نزیكەی 148 هەزار دیناردا ڕاوەستاوە و گۆڕانكارییەكی زۆری بەرەسدا نەهاتووە.