سەردێر

دانانی باج لەسەر مووچە نایاساییە

ئەستەمە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی جێبەجێ بكرێت

خەڵك
پسپۆڕێكی دارایی و ژمێریاری دەڵێت، دانانی باج لەسەر مووچە نایاساییە و جێبەجێ‌ ناكرێت ئەگەر حكومەت بیەوێت جێبەجێی بكات دەبێت لە پەڕلەمانی عیراق یاسای بۆ دانرێت و دەنگی تەواو بهێنێت.

نەبەرد كەریم، مامۆستای زانكۆ و پسیۆڕی دارایی و ژمێریاری بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عیراق، نوسراوی كردووە كە باج بخرێتە سەر مووچە، بەڵام ڕێژەكەی دیاری نەكردووە تەنها نوسراوێكە و لەو باوەڕەدانیم ئەو بابەتە جێبەجێبكرێت هەروەك چۆن لە ماوەكانی پێشوو ڕێژەیەك باج خرایە سەر مووچە بە نووسراو ، بەڵام پەڕلەمانی عیراق و لیژنەی دارایی هەڵیان وەشاندەوە.

وتیشی، لەڕوانگەی یاساوە شتێك نییە بەناوی باج خستنە سەر مووچەی مووچەخۆران و دانانی باج پێویستی بە یاسایەكە كە لە پەڕلەمانی عیراقەوە دەربچێت و دەنگی تەواو بهێنێت ، بە پێچەوانەوە بە هیچ شێوەیەك جێبەجێ ناكرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی عێراق لەنوسراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد كە دەیەوێت باج بخاتە سەر مووچەی فەرمانبەران و ئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.

هاوكات فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق وتی، حكومەتی عێراق ناتوانێ باج بخاتە سەر مووچە، بۆیە ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكرێت و پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت.