سەردێر

ئەمەریكا ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ دەروازەی بادینان تەرخان دەكات

خەڵك-

ڕێكەوتی ١٥ ی نیسان، ڕۆب واڵەر، كونسوڵی گشتی ئەمەریكا سەردانی ئامێدی كردو لە گەڵ ئیسمائیل موستەفا ڕەشید، قائیمقامی ئامێدی كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی و ئابوری بە شێوەیەكی گشتی و هەروەها پلانی گەشەپێدانی ئامێدی لە داهاتوودا.

بەپێی راگەیەنراوی كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، كونسوڵی گشتی سەردانی شوێنەواری كەلتوری و مێژوویی دەروازەی بادینانی كردو كۆمەكێكی دارایی بە بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەو پاراستنی دەروازەكە تەرخان كرد.

كونسوڵی گشتی پابەندی ئەمەریكای بۆ پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستانی عێراق دووپات كردەوە، بە پاراستنی شوێنەوارە كەلتوریەكانیشەوەو گوتی “ئەم كۆمەكە داراییە بۆ پاراستنی دەروازەی بادینان لە خەڵكی ئەمەریكاوەیەو نمونەیەكی پابەندی و دۆستایەتی ئەمەریكایە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستانی عێراق و خەڵكەكەی.”

هەرێمی كوردستانی عێراق چەندین شوێنەواری كەلەپوری و فەرهەنگی هەیە كە دەكرێت ببنە شوێنی گەشتیاری و سەرچاوەی داهات و هەروەها فرەچەشنكردنی ئابووری.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پابەندە بە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستانی عێراق و خەڵكەكەی ولەم دواییانەدا چەند كۆمەكێكی تری دارایی پێشكەش كردوووە، وەك بۆ ئینستیتیوتی كەلەپوری كوردی لە سلێمانی و مۆزەخانەی سلێمانی و نۆژەنكردنەوەی مەزاری نەبی ناحوم و مەزارگای لالش، كە هەموویان ڕەنگدانەوەی پەیوەندی دۆستانەی قوڵی دولایەنەمانە.