سەردێر

یاسین مەحمود ڕەشید: بودجە لەم كەرتانەدا دەخرێتەگەڕ

خەڵك-
یاسین مەحمود ڕەشید، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان و سەرۆكی لیقی سلێمانی یەكێتییەكەش لە سلێمانی، باس لەو كەرتانە دەكات كە لە بودجەی ئەمساڵدا باخیان پێدەدرێت، ساڵی 2013ش بە ساڵی زێڕینی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا دادەنێت.

یاسین مەحمود ڕەشید لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی، ڕایگەیاند”بودجە لەمساڵدا لە كەرتەكانی پیشەسازیی و گەشتوگوزار و كشتوكاڵدا دەخرێتەگەڕ و حكومەت بایەخ بەو كەرتانە دەدات”، وەبەرهێنانیشی لە كوردستاندا بە هۆكاریی سەرەكی پەرەسەندنی ئێستای هەرێم لەقەڵەمدا.

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت”لە ساڵی 2013دا هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێداكرا و لەو ساڵەدا هەولێر لەڕووی وەبەرهێنانەوە پێش ڕیاز و مەسقەت كەوت، ئەمەش وایكرد هەولێر بە پایتەختی گەشتوگوزاریی عەرەبی دەستنیشان بكرێت”.

یاسین مەحمود ڕەشید، هۆكاری ڕەخساندنی ژینگەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، بۆ سەقامگیریی و بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی لە هەرێمی كوردستان دەگیڕێتەوە.

لەلایەكی ترەوە یاسین مەحمود ڕەشید دەڵێت” ئەو بودجەی لە حكومەتی فیدراڵەوە دەنێردرێت و پاشان بڕێكی زۆری بۆ مووچە لێتەرخان دەكرێت، ئەو پارەیە بۆ مووچە نییە، بەڵكو بۆ بازاڕ و وەبەرهێنەرانە”.