سەردێر

حكومەتی عیراق لەئێستاوە بودجەی ساڵی 2022 ئامادە دەكات

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەت دەستیكردووە بە ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2022، ڕەتیشیدەكاتەوە پەرلەمان گفتووگۆ لەسەر ئەو بودجەیە بكات.

نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”حكومەت لەئێستادا دەستیكردووە بە ئامادەكردنی بودجەی 2022، بەو هۆیەی هاوكات دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردن و لەو دەمەشدا حكومەت دەبێتە كاربەڕێكەر لە ئەنجامی خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان”.

بە وتەی نەدا شاكر جەودەت”هەنگاوەكەی حكومەت بۆ زەمینەسازی لەپێناو ئامادەكردنی بودجەی ساڵی داهاتوو، بەو هۆیەیە كە دەبێت پابەند بێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەو شێوەیە حكومەتەكەی كازمی دەبێتە حكومەتی كاربەڕێكەر، بەوهۆیەی پەرلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان، گفتووگۆ لەسەر بودجەی ساڵی داهاتوو ناكات، بەڵكو بودجە بۆ پەرلەمانی داهاتوو و خولی نوێی ئامادە دەبێت”.