سەردێر

حكومەت 28 ملیار دینار بۆ پارێزگای هەولێر خەرج دەكات

خەڵك

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی بڕی 28 ملیار دینار داوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانی سنووری پارێزگای هەولێر.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ڕووداوی ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی بڕی 28 ملیار دینار داوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانی سنووری پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاكان.

پارێزگاری هەولێر دەڵێت “پارەكە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر ناوەندی هەولێر و شارۆچكە و شارەدێكان و گوندەكاندا دابەشدەكرێت و بەگوێرەی پێویستیی پڕۆژەكان، خەرجدەكرێت”.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش كرد، جگە لە تەواوكردنی چەند پڕۆژەیەكی وەستێنراو، چەند پڕۆژەیەكی نوێش جێبەجێ دەكرێن.

جێی ئاماژەیە، پڕۆژەكانی پەرەپێدانی پارێزگاكان و پڕۆژەی وەزارەتەكان لە بوارەكانی پرد، ڕێگەوبان، ئاو، كارەبا، نۆژەنكردنەوەی خوێندنگا و نەخۆشخانەكان پێكهاتووە و لەماوەی ڕابردوودا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی لەسەر دابوون.