سەردێر

بێگەرد تاڵەبانی: سێ هەزار لەدەرچووان و دەستی كار دەخرێنەسەركار

خەڵك

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە پارێزگای هەولێر 20 سایلۆی گەورە دروستكراوە كە لە توانایدایە 3000 سێ هەزار كەس لە دەرچووان و دەستی كار بخاتە سەركار.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سەردانێكی مەیدانمان ئەنجامدا بۆ پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران لەپارێزگای هەولێر، لە ئێستادا خۆشبەختانە دروستكردنی سایلۆكان لە 85% ی كارەكانی تەواو بووە بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكرێ كە بەرهەمی جوتیارانی ئەم ساڵ وەربگیرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كارگەكانی ئارد و ساوار و بڕوش و عەلەفی ئاژەڵی كێڵگەكان و مەعكەرۆنی لە هەمان پڕۆژە لە ئاستێكی زۆرباشدا بونیاد نراون.

بەوتەی وەزیری كشتوكاڵ، ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە هەرە گرنگەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان كە لەسەر ڕووبەری 12هەزار دۆنم زەویدا، 20 سایلۆی گەورەی لە قۆناغی یەكەم لێ دروست كراوە، كە هەر سایلۆیەك توانای هەڵگرتنی 5000 پێنج هەزار تۆن گەنمی هەیە.

بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پڕۆژەیە لە توانایدایە سێ هەزار كەس لە دەرچووان و دەستی كار بخاتە سەركار، لە مانگی حەوتدا یەكەمین بەرهەمی ئاردی خۆماڵی كارگەكانی ئەم پڕۆژەیە دەكەوێتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان.