سەردێر

عیراق ڕۆژانە نزیكەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی ئەمریكا دەكات

خەڵك

ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا ئاشكرایدەكات، ڕۆژانە وڵاتەكەیان نزیكەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەعیراق هاوردە دەكات.


ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ڕۆژانە وڵاتەكەیان نزیكەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە عیراق هاوردە دەكات، بەپێی راپۆرتێكی ئیدارەی ناوبراویش لەهەفتەی ڕابردوودا ئاستی هاوردەكردنی نەوتی عیراقی گەیشتووەتە 5 ملیۆن و 556 هەزار بەرمیل.

هاوكات ئاماژە بەوەشكراوە: لەم هەفتەیەدا ئاستی هاوردەكردنی ڕۆژانەی نەوتی عیراقی بەرزبووەتەوە بۆ 245 هەزار بەرمیل.

لەڕاپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ڕۆژانە بڕی 635 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە مەكسیكەوە هاوردە دەكات و بەدواشیدا ئیكوادۆر دێت كە لەو وڵاتەشەوە ڕۆژانە 258 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی ئەمریكا دەكرێت.

هەروەها لە ڕاپۆرتەكەی ئیدارەی زانیارییەكانی وزەی ئەمریكا باس لەوەشكراوە، لە هەفتەی ڕابردوودا ئەمریكا زۆرترین بڕە نەوتی لەكەنەداوە هاوردە كردووە كە ڕۆژانە 3ملیۆن و 424 هەزار بەرمیل بووە.