سەردێر

لیژنەی دارایی: بودجەكانی عیراق بەشی دروستكردنی دوو دەوڵەتيان دەكرد لە بیاباندا

خەڵك-
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، ڕەخنە بە قەبارەی گەندەڵی دەگرێت لە عیراق و دەڵێت، بودجەكانی وڵات لە 2003وە تائێستا، گەیشتۆتە 1500 ملیار دۆلار، ئەمەش بەشی دروستكردنی دوو دەوڵەتی وەك عیراق دەكات لە بیابانێكدا كە شیاوی نیشتەجێبوون نەبێت

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”هاووڵاتی عیراقی قەبارەی گەندەڵی دەزانێت چەندە، چونكە لە 2003وە تائێستا، 1500 ملیار دۆلار بۆ بودجەكان تەرخانكراوە كە بەشی دروستكردنی دوو دەوڵەتی هێندەی عیراقی دەكرد لە بیابانێكدا كە شیاوی نیشتەجێبوون نەبێت، ئەمەش وایكردووە عیراق بەردەوام لە لیستی هەرە گەندەڵترین وڵاتاندا لە جیهان ناوی دیاریی بكرێت”.

سەفار پێیوایە”كێشە گەورەكەی عیراق گەندەلییە، هەر هەوڵێكیش بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخان و كەرتە ئابورییەكان بخرێتەگەڕ بەر گەندەڵی دەكەوێت، ناشكرێت گەندەڵی لەناوببرێت تەنیا لەڕێی حكومەتێكی بەهێزەوە نەبێت، بە تایبەت كە بۆتە سیستم و پێویستی بە چارەسەرێكی بوێرانە و دەركردنی بڕیار و سزادانی گەندەڵكاران هەیە”.

بڕیاردەری لیژنەی ئابوری پەرلەمانی عیراق دەڵێت”بەوپێیەی گەندەڵكاران فەرمانڕەوان و هێز و هەژموونیان لەنێو دامەزراوە حكومییەكاندا هەیە، پرۆسەكە قورسە و پێویستی بە ماوەیەكی زۆرە بۆ لەناوبردنی”.