سەردێر

مەڕوماڵاتی گەرمیان بۆ شارەزوور و شارباژێڕ دەگوازرێنەوە

 

خەڵک – نزار جەزا
بەهۆی وشکەساڵییەوە مەڕوماڵاتی گەرمیان بۆ شارەزوور و شارباژێڕ دەگوازرێنەوە و لەوێ بەخێودەکرێن یاخود هەرزانفرۆش دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکانی (خەڵک) بەشێک لەو کەسانەی لەسنووری گەرمیان مەڕوماڵات بەخێودەکەن، بەهۆی وشکەساڵییەوە چیتر ناتوانن ئالیکی پێویست بۆ ئاژەڵەکانیان دابینبکەن، بۆیە مەڕوماڵاتەکانیان هەرزانفرۆش دەکەن، یان دەیانبەر بۆ سنووری شارەزوور و شارباژێڕ بەخێویاندەکەن.

كاسترۆ مەعروف سەرۆكی لیژنەی كستوكاڵ لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەداخەوە ئاگاداری ئەو بابەتەین، کە بەهۆی وشکەساڵییەوە ئەو کەسانەی مەڕوماڵات بەخێودەکەن هێندە دەوڵەمەند نین، کە خۆراکی پێویست بۆ ئاژەڵەکانیان بکڕن، بۆیە بەناچاری پەنادەبەنە بەر هەرزانفرۆشکردنیان.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێکی دیکە لەو کەسانە لەگەرمیانەوە کۆچ بۆ شارەزوور و شارباژێڕ و ئەو ناوچانە دەکەن، کە لەوەڕی بۆ ئاژەڵەکان لێیە، بەڵام لەوێش بەنرخێکی زۆر ئەو لەوەڕانەیان پێدەفرۆشرێت.

باسی لەئەوەشکرد، بەهۆی ئەوەوە ئەو کەسانە زیانێکی زۆر دەکەن، چونکە بەو شێوازە ناتوانن مەڕوماڵاتەکانیان بەخێوبکەن، بۆیە پێویستە بەپەلە بڕیاری پێویستیان بۆ بدرێت.

ئەوەشی باسکرد، ئەگەر ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانە نەکرێت، کێشەی بەرهەمە سپییەکانی وەک ماست و پەنیر و شیر و بەرهەمەکانی دیکە لەبازاڕەکاندا دروستدەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمساڵ باران بارین دواکەوتووە و مەترسی وشکەساڵی لەهەندێک ناوچەی وەک گەرمیان دەرکەوتووە و ئەگەر باران نەبارێت، ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.