سەردێر

جوتیاران پێویستیان بەفریاکەوتن هەیە

بەهۆی وشکەساڵییەوە جوتیاران پێویستییان بەهاوکاری هەیە

 

خەڵك – نزار جەزا
ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایانكردووە ئەنجومەنەكەیان لەبارەی وشكەساڵییەوە كۆببێتەوە و ژمارەیەك بڕیار و ڕاسپاردە دەربكەن، كە تێیدا داوادەكەن قەرەبووی جوتیاران بكرێتەوە.

كاسترۆ مەعروف سەرۆكی لیژنەی كستوكاڵ لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەتایبەت ئیدارەی گەرمیان بەدۆخێكی خراپدا دەڕوات و لەئێستادا مەترسی وشكەساڵی بەسەرەوە دیارە، بۆیە چەند ئەندامێكیان داوایانكردووە بابەتی وشكەساڵی بخرێتە كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاوە، بۆئەوەی بتوانن چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەك دەربكەن داوا لەحكومەتی هەرێم بكەن قەرەبووی جوتیاران بكرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەداهاتووێكی نزیكدا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت، كە هیوادارن یەكێك لەتەوەری كۆبوونەوەكە ئەم بابەتە بێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ و حكومەتی هەرێم قەرەبووی جوتیاران بكەنەوە، چونكە زیانێكی زۆریان كردووە و ناتوانن مەڕوماڵاتەكانیشیان بلەوەڕێنن.

باسی لەئەوەشكرد، پێویستە پلانی ستراتیژی بۆ چارەسەری ئەم بابەتە هەبێت، بەتایبەت بەنداوی پێویستی گەورە و بچوك دروستبكرێت، بۆئەوەی بۆ ئەم بارودۆخانە سوودیان لێوەربگیرێت، هەرچەندە دەبوو زووتر ئەم كارە بكرایە.

ئەمە لەكاتێكدایە لەسەدا ٦٠ی گەنمی سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەبارینی بارانەوە وشك بووە، ئەگەر تاكو دوو هەفتەی دیكە باران نەبارێت مەترسی وشكبوونی گەنمەكەی دیكەش هەیە.