سەردێر

نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆوە

خەڵك-
نرخی بەرمیلێك نەوت بە بڕی زیاتر لە دوو دۆلار بەرزبۆوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە وەبەرهێنەران گرەو لەسەر بوژانەوەی خێرای ئابوری جیهانی دەكەن.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكایی بۆ 60.66 دۆلار بەرزبۆوە، بە هەمان شێوە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 64.18 دۆلار.

سەرلەنوێ‌ ئەمڕۆ، سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی پێشبینییەكانی زیادیان كرد بۆ گەشەی ئابوری و ڕایگەیاند، بەرهەمی جیهانی بە ڕێژەی 6.0 لەمساڵدا زیاد دەكات، ئەم ڕێژەیەش لە ساڵانی حەفتای سەدی ڕابردووەوە نەهاتۆتەدی، هۆكارەكەشی بۆ گرتنەبەری سیاسەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای (كۆڤید-19) لەسەر ئاستێكی بێ‌ پێشینە، گەڕاندەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەكاتێكدایە، دوێنێ‌ دوو شەممە نرخی نەوت بەڕێژەی 5% دابەزی و بەرمیلێك نەوتی خاوی برنت بە 61 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.