سەردێر

سێ‌ لایەنی سیاسی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبەت ڕەتدەكەنەوە

 

خەڵك-ئارام سەردار

سێ لایەنی سیاسی لەهەرێمی كوردستان بە واژۆی ٢٣ هەزار هاووڵاتی یاداشتێك دەدەنە پەڕلەمانی كوردستان و پێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و كارەبا بە كەرتی تایبەت ڕەتدەكەنەوە، بە ئەركی حكومەتیشی دەزانن پلانی چارەسەركردنی بێكاری و هەژاری ڕابگەینێت.

لەیاداشتەكەدا كەوێنەیەكی بۆ (خەڵك)نێردراوە ڕایدەگەیەنن، ئێمە وەك لیژنەی كاری هاوبەشی پارتە چەپەكانی كوردستان بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە بەرزبونەوەی ڕێژەی بێكاری و هەژاری و نا دادپەروەری كۆمەڵایەتی كە وەك دەرئەنجامێكی سیاساتی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستانە.

دەشڵێن، بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتووە كەرتی كارەبا لە موڵكی گشتیەوە بدرێتە كەرتی تایبەت، ئێمەی هاووڵاتیان و لایەنی مەدەنی و سیاسی، پێمان وایە ئەم هەنگاوە زیان بە داهاتی گشتی و بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت.

هەروەها داوا دەكەن، هەنگاوەكان بۆ پێدانی كەرتی كارەباو سەرجەم كەرتە گرنگەكان دەسبەجێ ڕابگیرێت، لە جیاتی ئەوەش چاكسازی ڕاستەقینە لەم بوارەدا جێبەجێ بكرێت كە ببێتە هۆی دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و كارەبای بەردەوام بە نرخی گونجاو بۆ هاووڵاتیان، هاوكات ئەركی حكومەتە پلانی چارەسەركردنی بێكاری و هەژاری ڕابگەینێت لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە سیاساتی ئابوری بەرخۆری مۆنۆپۆڵكراو.

باس لەوەشدەكەن، وەك لە یاسای چاكسازیدا هاتووە پێویستە حكومەت پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و كرێكاران بداتەوە و لە كاتی خۆی بەبێ‌ لێبرین مووچە دابەش بكات و ڕۆڵی خۆی لە بەر پرسیارەتی كۆمەڵایەتی و تەندروستی گشتی ببینێت بەتایبەتی لەسەردەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.