سەردێر

مەلا یاسین: نرخی یەكەی نیشتەجێبوون بەڕێژەی 10% بۆ 20% بەرزبووەتەوە

خەڵك – نزار جەزا

سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی باس لەكاریگەرییەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەسەر هەرێمی كوردستان و عیراق كرد و جەختی لەوەكردەوە، نرخی یەكەی نیشتەجێبوون بەڕێژەی 10% بۆ 20% بەرزبووەتەوە، هاوكات داوای لەحكومەتی هەرێم كرد، لەپێش وڵاتانی ترەوە سوود لەبودجە زەبەلاحەكەی عیراق وەربگرن.

مەلا یاسین مەحمود سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، داوا لەحكومەتی هەرێم و ئەو شاندە دەكات، كە ماوەیەكی زۆرە سەردانی بەغدا دەكەن، كە كەسانی شارەزا و دڵسۆزن، با تەنها بەئەوەوە نەوەستن كە تەواو ڕێككەوتنیان لەگەڵ عیراق كردووە، بەڵكو لەپێش وڵاتانی ترەوە هەوڵبدەن وەك هەرێمی كوردستان سوود لەبودجەی عیراق وەربگرن.

سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی لەبارەی چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو بودجەیە ناوبراو زیاتر ڕوونیكردەوە، باشترین ڕێگە ئەوەیە ڕێگە خۆشبكەن بۆ برا عەرەبەكان بێن لەكوردستان پارەكانیان خەرجبكەن، هەم بۆ كەرتی تەندروستی هەم بۆ كەرتی گەشتوگوزار، هەروەها ئاسانكاری بكرێت بۆئەوەی برا عەرەبەكان بێن لەهەرێمی كوردستان خانوو بكڕن، هەروەها ڕێگەخۆشبكرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر بكرێت و كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیش زیاتر ببوژێتەوە.

لەبارەی كاریگەریییەكانی پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق مەلا یاسین ئاماژەی بەوەشدا، پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق زۆر كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر بازاڕی عیراق و هەرێمی كوردستانیش، چونكە ماوەیەكی زۆرە عیراق كێشەی پەسەندكردنی بودجەی هەیە، لەهەمانكاتدا چەند خاڵێكی ناو پڕۆژەیاساكە پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە و زۆر كێشە چارەسەردەكەن.

وتیشی، لەدوای ئەو ململانێیەی لەنێوان كوتلەكانی عیراق هەبوو، هەروەها لەدوای ململانێكانی نێوان ئەوان و كورد لەكۆتاییدا پڕۆژەیاساكە پەسەندكرا، ئەمەش دەریخست عیراق لەو كێشانە ڕزگاری بووە.

سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی ڕوونیكردەوە، هەر وڵاتێك پڕۆژەیاسای تێدا پەسەندكرا، متمانەی سنوقی دراوی نێودەوڵەتی بەدەستدەهێنێت، چونكە ئەو وڵاتانەی پڕۆژەیاسای بودجەیان نییە، متمانەیان لای بانكی نێودەوڵەتی و سنوقی دراوی نێودەوڵەتی لاوازە.

مەلا یاسین مەحمود باسی لەئەوەشكرد، بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەی پەسەندكراوە، مانگاكە ٩٠ ملیار دۆلار خەرجدەكرێت، كە 75%ی بۆ بودجەی تەشغیلییە، واتە ٦٧ تا ٦٨ ملیار دۆلارە، كە ئەمەش بەشێكی زۆری بۆ مووچەیە و مانگانە دەدرێتە مووچەخۆران و دەچێتە بازاڕەوە.

ناوبراو لەبارەی بەرزبوونەوە نرخی یەكەی نیشتەجێبوون ئەوەی باسكرد، حكومەتی هەرێم دەیەوێت لەسەربنەمای دەستوور پەیوەندییەكانی لەگەڵ عیراق ئاسایی بكاتەوە، بەپێی دەستووریش هەر هاووڵاتییەكی عیراق ڕێگەی پێدراوە لەهەر شارێكی عیراق و هەرێمی كوردستان یەكەی نیشتەجێبوون بكڕێت، هاوكات هاووڵاتییان دڵنیابوون لەوەی مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشدەكرێت، ئەمەش وایكرد لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی خانووبەرە بەڕێژەی 10% بۆ 20% بەرزببێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەرێمی كوردستان دەتوانێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی سوودێكی زۆر لەعیراق وەربگرێت، بۆنمونە لەئێستادا كە عیراق دراوەكەی بە ١٤٥ هەزار جێگیركراوە و نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و پڕۆژە یاسای بودجە پەسەندكراوە، ئەمە وادەكات بازاڕەكەی بۆ كاركردن خۆشبێیت و جوڵەی بازرگانی زیاترببێت.

هەر لەبارەی كاریگەرییە ئەرێنییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر كۆرۆنا و وشكەساڵی كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروستنەكات و زەمینەی بۆ لەباربكرێت، ئەمساڵ بازاڕێكی زۆر خۆش و لەباردەبێت.

وتیشی: هاووڵاتییان لەهەرێمی كوردستان و مووچەخۆران چەند ساڵێكە گیرۆدەی دواكەوتنی مووچە و پاشكەوتی مووچە و لێبڕینی مووچەن، بەڵام لەمەودوا پاشكەوتی مووچە و دواكەوتنی مووچە و لێبڕینی مووچە نامێنێت، بەمەرجێك ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان هەرێم و عیراق كراوە وەك خۆی جێبەجێبكرێت و حكومەتی هەرێمیش لەچاكسازی بەردەوامبێت، بۆیە لەم كاتەدا مووچەخۆر و هاووڵاتیانیش بەئاسانی پارە لەیەكەی نیشتەجێبووندا خەرجدەكەن و بەشداری قیستەكان دەكەنەوە.

ئەوەشی باسكرد، ئەم ڕێككەوتنەی نێوان هەرێم و عیراق تەنها لەنێوان ئەم دوو لایەنە نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای دەستوور كراوە و كوتلە سیاسییەكان لەسەر ڕێككەوتوون و كۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی و ئێرانیش ناڕازی نەبووە لەم ڕێككەوتنە.

سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، زۆر وڵات چاوی لەسەر عیراقە، چونكە عیراق بودجەیەكی زۆر زەبەلاحی هەیە پەسەندی كردووە، بەجۆرێك بە ١٠ بۆ ١٢ وڵاتی كەنداو ئەو پارەیەی نییە كەپەسەندی بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەی چەند ڕۆژێكە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی اڵی 2021 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەندكراوە و تاڕادەیەك پەیوەندییەكانی هەرێم و عیراق ئاسایی بوونەتەوە و نرخی دۆلار جێگیركراوە و بڕیارە لەكاتی خۆشیدا مووچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكرێت.