سەردێر

نوێنەرێكی یەكێتی: حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەشبكات

خەڵك

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت: هەركاتێك بەغدا پارە ڕەوانەی هەرێم بكات هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی مووچە نامێنێت و درێژەدانیش بەلێبڕینی مووچەی شتێكی بێمانایە، دەشڵێت: لەئێستادا حكومەتی هەرێم بەداهاتی نەوت و ناوخۆ دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەشبكات.

شیروان میرزا ئەندامی فڕاكسیۆنی یەكێتی لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی ڕەوانەكردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم و كۆتاییهێنان بەلێبڕینی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاند: هەركاتێك لەلایەن بەغداوە پارە ڕەوانەی هەرێم كرا هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی مووچە نامێنێت و ناشبێت بەهیچ شێوەیەك لێبڕینی مووچەی بمێنێت، چونكە درێژەدان بەلێبڕینی مووچە شتێكی بێمانایە، هەروەها لەیاساكەشدا بڕگەیەكمان جێگیركردووە كە ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت دەبێت مووچەی پێدابەشبكرێت نەك بۆ بابەتی تر خەرجبكرێت.

شیروان میرزا سەبارەت بەوەی كە ئەو پارەیەی بڕیارە بەغدا بۆ هەرێمی ڕەوانە بكات بەشی مووچەی تەواوی فەرمانبەران ناكات، وتی: ئەوەی دەوترێت زۆر بێمانایە، چونكە لەئێستادا بەبێ ئەوەی بەغدا پارە بۆ هەرێم بنێرێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەداهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەكان و باجی سەر كۆمپانیاكان و داهاتی تری ناوخۆ بەبێ لێبڕین مووچە دابەشبكات.

وتیشی: لەئێستادا حكومەتی هەرێم لەفرۆشتنی نەوت كە بە دۆلارە 20%ی داهاتی زیادیكردووە، چونكە لە 100 دۆلاردا 25 هەزار دینار قازانج دەكات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی خستەڕوو: یاسای بودجە لە 1ی 1ی 2021ەوە جێبەجێ دەكرێت و هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەو سێ مانگە دوای دەركردنی ئەو پارەیەی بەهۆی پابەندییەكانی سەر هەرێم كە لەو ماوەیەدا نەكراوە، بڕێك پارە دەمێنێتەوە و ڕەوانەی هەرێم دەكرێت و ئەگەر ئەوە ڕەوانە بكرێت دەبێت حكومەتی هەرێم لێبڕینی سێ مانگی ئەمساڵی مووچەخۆرانیش بداتەوە.