سەردێر

ئێران: عیراق خۆی لە دانەوەی قەرزەكانی دەدزێتەوە

خەڵك

ئەندامێكی ژووری بازرگانی ئێران لەگەڵ عیراق ڕایدەگەیەنێت، سەرباری ئەوەی ئەمریكا لێخۆشبوونی بۆ بەغدا دەركردووە لە سزاكانی سەر تاران، بەڵام ئامادەنین پارەی قەرزی غاز و كارەبا بدەنەوە بە ئێران.


حەمید حسێنی ئەندامی ژووری بازرگانی ئێران لەگەڵ عیراق ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمریكا عیراقی لە سزاكانی سەر ئێران بەخشیوە، ئەو وڵاتە هیچ كێشەیەكی نییە بۆ گێڕانەوەی قەرزەكانی، بەڵام بەردەوام بیانوو دەهێننەوە و خۆیان لە دانەوەی پارەی قەرزی غاز و كارەبا دەدزنەوە.

ڕوونیشیكردەوە، كە لایەنی عیراقی ئامادەیە پارەی قەرزی كارەبا بە دینار بداتەوە، بەڵام بۆ قەرزی غاز هیچ ئامادەییەكی نیشان نەداوە.
لەبەرامبەردا فەیسەڵ عیساوی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، ئێرانییەكان داوادەكەن قەرزەكانیان بە دۆلار وەربگرنەوە، ئەوەش بە هۆی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر بانكی ناوەندی ئێران كارێكی ئەستەمە.

فەیسەڵ عیساوی وتیشی، ئەگەر ئێرانییەكان قایل بن بە دینار پارەكە وەربگرنەوە، لە زووترین كاتدا ئەو قەرزانە پاكتاو دەكرێن.

جێی ئاماژەیە، عیراق بە بڕی نزیكەی پێنج ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە لە پای هاوردەكردنی كارەبا و غاز لەو وڵاتەوە و لە ساڵی 2018ەوە بە هۆی گەڕانەوەی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر تاران ئەو قەرزانە كەڵەكە بوون، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووشدا ئەمریكا چەند جارێك ماوەی بەخشینی عیراقی لەو سزایانەی سەر ئێران درێژكردبووەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە كڕینی كارەبا و غاز لەو وڵاتە.