سەردێر

یاسای بودجە ڕەوانەی سەرۆك كۆمار دەكرێت

خەڵك
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا یاسای بودجە ڕەوانەی سەرۆك كۆمار دەكرێت بۆ پەسەندكردنی و دوای بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی ڕەسمیش، یاساكە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر دەڵێت، ئەم هەفتەیە یاسای بودجەی 2021 ڕەوانەی سەرۆك كۆمار دەكرێت بۆ پەسەندكردنی و پاش بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی ڕەسمی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، دواتر وەزارەتی دارایی ڕێنماییەكان بۆ جێبەجێكردنی دەردەكات.

دەشڵێت، بەم شێوەیە پەڕلەمانی عێراق ئەوەی لەسەری پێویست بوو جێبەجێیكردوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و سەرخستنی پرۆسەی سیاسی بۆ قۆناغی داهاتوو.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێك بوو لەداواكارییەكانی شەقام و خۆپیشاندانەكان، لەو پێناوەشدا پەرلەمان یاسای هەڵبژاردن، بودجەی هەڵبژاردن، دادگای فیدڕاڵی و لەدوا هەنگاویشدا خۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی پەسەندكردوە.