سەردێر

حكومەتی هەرێم: مووچە هەموو سی ڕۆژ جارێك دابەش دەكرێت

خەڵك-
بەرپرسێكی باڵای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران هەموو سی ڕۆ ژ جارێك بەردەوام دەبێت.

ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە، ڕاگەیاند “دوای پەسندكردنی بودجەی عێراق، ڕێكارەكانی تەواوكردنی بودجەی هەرێمی كوردستانیش تەواو دەكرێ، لە وەزارەتی دارایی دەنێردرێ بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و پاش پەسندكردنی دەنێردرێتە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی”.

بە وتەی ڕێباز حەملان”وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بابەتەكانی تایبەت بە داهات و قەرز و خەرجی نەوتی تەواو كردووە و دەخرێتە ناو بودجە، بە پێی ئەو ڕێكەوتنەی لەگەڵ بەغداش كراوە، بە دەرهێنانی خەرجی و نەفەقات، مانگانە تریلیۆنێك یان كەمتر بۆ هەرێمی كوردستان دەبێ و مانگانەش بە پێی داهات دەگۆڕێت، بودجەی هەرێمی كوردستانیش لەسەر ئەو بنەمایە دادەندرێ بۆ مووچە و خەرجی و پڕۆژەكان”.

لەبارەی پرسی دامەزراندنیش لە ناو بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان، ڕێباز حەملان وتی “پێشینەی دامەزراندن لە بودجە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست دەبێت، بە گشتی دامەزراندن بابەتێكە بە پێی پێداویستی و هەبوونی میلاك دەبێت”.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم”مووچەی فەرمانبەران سی ڕۆژ جارێك بەردەوامی دەبێ، هەروەها گوتی ئێمە چاوەڕوانی ڕێكارەكانی وەزارەتی دارایی عێراق دەكەین بزانین كەی و چۆن بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەنێردرێ، بە پێی یاسای بودجە بێت دەبێ لە 1ی1ی2021وە جێبەجێ بكرێ و بودجەی سێ مانگ بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێ، لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئەو بابەتانە ڕوون دەبێتەوە”.