سەردێر

توركیا بە ئامانجە بازرگانی لەگەڵ عیراق بگەیەنێتە ٥٠ ملیار دۆلار

خەڵك

سەرۆكی دەستەی پیشەوەران و خاوەنكارانی توركیا ، ڕایدەگەیەنێت:”ساڵی ڕابردوو بازرگانی دەرەكیان لەگەڵ عیراق 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاند. ئامانجیانە بیگەیەنینە 50 ملیار دۆلار”.

نەواف كڵچ سەرۆكی دەستەی پیشەوەران و خاوەنكارانی توركیا، بەمیدیای فەرمی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە:”بەدڵنیایییەوە لەنێو وڵاتانی دراوسێ و دەورووبەردا عیراق بۆ ئێمە هاوبەشێكی زۆر گرنگە. ئەمڕۆ كاتێك بە نێو بازاڕەكانیدا دەگەڕێین دەبینین 90% كەلوپەلی مۆڵەكانی ماركەی توركین، ئەمڕۆ كاتێك دەچینە مۆڵێكی ئیستانبوڵ، ئیزمیر، ئەنقەرە، مێرسین و ئادانا هەر ماركەیەك ببینین لە مۆڵەكانی سلێمانی، دهۆك و هەولێر هەمان ماركە دەبینین. لێرە زیاتر خواست لەسەر ماركەی توركییە”.

باسی لەوەشكردووە، یەكێك لە گەورەترین كێشەی ئەو بازرگانە توركانەی لە عیراق چالاكیان هەیە وەرگرتنی ڤیزەی عیراقە، چونكە كاتێك دەچنە هەرێمی كوردستان لە دەروازەی سنوور ڤیزەی یەك مانگیان پێ دەدەن، بەڵام ناتوانن بەو ڤیزەیە بچنە شارەكانی باشووری عیراق.

نەواف كڵچ ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییە توركەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات بەو ڤیزەیەی وەریدەگرێت پێویستە تا بەسرە بڕوات، بەڵام زۆر كەس گلەیی ئەوە دەكەن كە ناتوانن لەوێوە بڕۆن بۆ كەركوك، موسڵ، بەغدا و بەسرە.