خەڵک
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت، سێ كۆمپانیای جیھانی لە بواری دروستكردنی ھێڵی ئاسنین، سەرقاڵی دیراسەكردنی نەخشە و تێچووی پڕۆژەکەن، لە مانگی داھاتووشدا دیراسەكە پێشكەشی وەزارەت دەكەن و دواتر دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەكە بكرێت.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندووە: وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە داوەتنامەی بۆ سێ كۆمپانیای جیھانیی بواری دروستكردنی ھێڵی ئاسنین ناردووە، تا بەرچاوڕوونییەک بۆ جۆر و تێچووی پڕۆژەكە ئامادە بكەن و بۆمانی رەوانە بكەن، بۆ ئەوەی بزانین بەھا و تێچووەكەی چۆنە و تا چەند سەركەوتوو دەبێت.
دهشڵێت: بەپێی ئەو كاتەی پێیان دراوە، بڕیارە لە مانگی داھاتوودا دیراسەكە ئامادە بكەن و پێشكەشی وەزارەتی بكەن و وەڵامی داواكاریی ئێمە بدەنەوە.
ناوبراو وتوویەتی؛ دوای پێشكەش كردنی دیراسەكە و تەواوبوونی، ئەوكات دەست بە جێبەجێكردن و دروستكردنی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی كوردستان دەكرێت، كە ئەویش بە ھۆی گەورەیی پڕۆژەكەوە، بە قۆناغ دەبێت.
ئەو ھێڵەی بڕیارە لە ھەرێم دروست بكرێت، 915 كیلۆمەتر دەبێت و ھەر جارەو قۆناغێك دروست دەكرێت، بە جۆرێك قۆناغی یەكەم 620كیلۆمەتر و قۆناغی دووەم 135كیلۆمەتر و قۆناغی سێ یەم 160كیلۆمەتر دەبێت، كە پڕۆژەكەش بۆ سەرتاسەری ھەرێمی كوردستانە و دوو کۆمپانیای ئیسپانی و کۆمپانیایەکی ئەڵمانی بڕیارە دیراسەی بکەن و کاری دروستکردنەکەشی ئەنجام بدەن.