سەردێر

کاری فەرمانبەرانی کارەبا دەدرێتە کەرتی تایبەت

بەشێک لە فەرمانبەرانی حکومەت بێکاردەکرێن و کارەکانیان دەدرێتە کەرتی تایبەت

خەڵک – نزار جەزا

بەشێک لەخزمەتگوزارییەکانی حکومەت دراون بەکەرتی تایبەت و بڕیارە دابەشکردنی کارەباش بدرێت بەکەرتی تایبەت، لەمبارەیەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێی باش نییە خزمەگورانییەکانی حکومەت بدرێنە کەرتی تایبەت و جەخت لەئەوەدەکاتەوە، حکومەت لەڕێی موچەوە پارە بەهاوڵاتی دەدات و حزبیش لەولاوە بەناوی خزمەتگوزارییەوە لێیوەردەگرێتەوە.

ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەفراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، گواستنەوەی بەشێک لەکەرتی کارەبای نیشتیمانی بۆ کەرتی تایبەت لەگەڵ بەرژەوەندی هاوڵاتییان یەکناگرێتەوە.

وتیشی: بەداخەوە حکومەت وایلێهاتووە هەر ڕۆژە و خزمەتگوزارییەکی دەداتە دەست کەرتی تایبەت، بەشێوەیەک وای لێهاتووە، کەرتی تایبەت زاڵبووە بەسەر سەرجەم ئەو خزمەگوزارییانەی دەگاتە دەستی هاوڵاتییان و زاڵبووە بەسەر دامودەزگاکانی حکومەتدا، هەر ئیشێکیان بوێت بەئاسانی بۆیان دەچێتە پێشەوە.

زیاتر ڕوونیکردەوە، لەبەرامبەرئەوەدا کەرتی گشتی کە حکومەت بەڕێوەیدەبات لاواز بووە، ڕۆڵی نەماوە و دەسەڵاتی نەماوە، بەشێک لەفەرمانبەرەکانی حکومەت لەناو فەرمانگەکانیاندا بەبێ کار دەمێننەوە، کارەکانیان دراوە بە کەرتی تایبەت.

ئەوەشی خستەڕوو، دژی گواستنەوەی خزمەتگوزارییەکانی کەرتی گشتییە بۆ کەرتی تایبەت، دەبێت حکومەت خۆی سەرپەرشتی ئەم بابەتانە بکات، خۆی ڕێژەیەکی زۆر لەفەرمانبەری هەیە، کە دەتوانێت سوود لەم فەرمانبەرانە وەربگرێت.

باسی لەئەوەشکرد، پێشتر حکومەتی هەرێم لەخراپترین دۆخیدا خۆی خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بەهاوڵاتییان کردووە و خۆی پارەی خزمەگوزارییەکەی کۆکردۆتەوە، بەڵام لەئێستادا کە بەشێک لەخزمەتگوزارییەکان دەدرێنە کەرتی تایبەت، ئەمە دەرخەری ئەوەیە، کە ئەم کەرتی تایبەتانە حزب خۆی دروستیکردوون، بۆئەوەی داهات بۆ حزب کۆبکەنەوە، بۆ نمونە مەرزەکان ١٠ بۆ ١٣ فەرمانگەی تێدایە کە کەرتی تایبەت بەڕێوەیاندەبات.

ئاماژەی بەئەوەشدا، حکومەت لەڕێگەی موچەوە پارە بەهاوڵاتییان دەدات، لەولاشەوە حزب بەناوی خزمەتگوزارییەوە ئەو پارەیە لەهاوڵاتی وەردەگرێتەوە، لەکاتێکدا زیاتر لەملیۆنێک موچەخۆر لەهەرێم هەیە، ئەم موچەخۆرانە ئیشیان چیە، کە نەتوانن خزمەتگوزارییەکی حکومی بەڕێوەبەرن.

ئەوەشی باسکرد، حکومەتی هەرێم پێشتر خۆیان ئاشکرایانکرد، کە دەناڵێنن بەدەست زۆری فەرمانبەر و زۆری موچەیانەوە، بۆیە ئێستا بەناوی جۆراوجۆرەوە موچەیان لێدەبڕن، بەڵام ئێستا حکومەت بەبیانووی نەبوونی فەرمانبەر و پێویستییەوە خزمەتگوزارییەکان دەداتە کەرتی تایبەت، ئەمەش بانێکە و دوو هەوا.

ئەمە لەکاتێکدایە کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ دابەشکردنی کارەبا بەرەو کەرتی تایبەت بچێت، ئەمە گرێبەستێکی خزمەتگوزارییە و فرۆشتن نییە، تەنها ئەوان ئیدارەی ئەو دابەشکردنە دەکەن.

پێشتر کۆکردنەوەی پارەی بەکارهێنانی ئاو و کۆکردنەوەی پارەی خۆڵوخاشاک و بەشێک لەخزمەتگوزارییەکانی دیکە دراونەتە کەرتی تایبەت، ئەمەش ناڕەزایەتی لەنێو بەشێک لەچین و توێژەکان دروستکردووە.