سەردێر

هاتوچۆ لە نۆكەندی سوێس راگیرا

خەڵك-

سەرۆكی دەستەی نۆكەندی سوێس لە میسر ئوسامە رەبیع ئاشكرایكرد بە فەڕمی بەشێوەیەكی كاتی هاتوچۆ لە نۆكەندی سوێس رادەگیرێت.

ئوسامە رەبیع لە راگەیەنراوێكدا نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند بەشێوەیەكی كاتی هاتوچۆ لە نۆكەندی سوێس رادەگیرێت تا چارەسەركردنی كێشەی ئەو كەشتییەی گیری خواردووە لەنۆكەندەكەدا.

لای خۆیەوە كۆمپانیایەكی ژاپۆنی كە خاوەنی كەشتییە گیرخواردووەكەیە، لە راگەیەنراوێكدا ئەمڕۆ پێنج شەممە داوای لێبووردنی كرد كە بووەتەهۆی دروستكردنی ئاستەنگی هاتوچۆ لە نۆكەندی سوێس.

نزیكەی 100 كەشتی بارهەڵگر گیریان خوارد لە نۆكەندی سوێس دوای گیرخواردنی كەشتییەكی گەورە.

ئیدارەی میسر چەند بەمەلەمی بەكارهێنا بۆ كردنەوەی رێگا بۆ كەشتییەكان و گەڕاندنەوەی كەشتە گەورە گیرخواردووەكە بۆ سەر رێڕەوی خۆی لەسەر گەورەترین رێڕەوی ئاوی قەرەباڵغ لە جیهاندا.

كەشتییەكە بەهۆی رەشەبا و گەردەلوولی خۆڵبارینەوە لە رێڕەوی خۆی لایداوە و بەهۆی تەسكی شوێنەكەشییەوە بووە بەهۆی گرتنی رێڕەوەكە.

ئەو كەشتییەی گیری خواردووە، درێژییەكەی 400 میترە و كێشەكەی 223 هەزار تۆنە و لە رێدابووە لە چینەوە بۆ رۆتەردامی هۆڵەندا.

بەهۆی رێگری لە جوڵەی كەشتییەكان نرخی نەووت بەرێژەی 5% بەرز بووەوە لە رۆژی چوار شەممە واتا بۆ هەر بەرمیلێك 3 دۆلاری چووە سەر، ئەمەش پاش هەواڵی گیرخواردنی ژمارەیەك كەشتی دێت كە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتووە.

لە نۆكەندی سوێسەوە 10ی نەوتی خاوی جیهانی دەگوزرێتەوە و نزیكەی 12%ی جوڵەی بازرگانیش لە ئەو نۆكەندەوەیە.