سەردێر

چی لە نۆكەندی سوێس رووی دا؟

خەڵك-

نزیكەی 100 كەشتی بارهەڵگر گیریان خوارد لە نۆكەندی سوێس دوای گیرخواردنی كەشتییەكی گەورە.

ئیدارەی میسر چەند بەمەلەمی بەكارهێنا بۆ كردنەوەی رێگا بۆ كەشتییەكان و گەڕاندنەوەی كەشتە گەورە گیرخواردووەكە بۆ سەر رێڕەوی خۆی لەسەر گەورەترین رێڕەوی ئاوی قەرەباڵغ لە جیهاندا.

15 كەشتی چاوەڕێی دەكەن، گیرخواردنی كەشتییە گەورەكە چارەسەر بكرێت بۆ ئاساییبوونەوەی رێگا و دەستكردنەوە بە جوڵە دوای ئەوەی كاروانی كەشتییەكان بەرەو باشور وەستابوو.

بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز خەندەك لێدراوە بۆ رزگاركردنی كەشتییەكە و كۆمپانیای بۆسكالیسی هۆڵەندیش بۆ خزمەتگوزاری دەریایی هاوكاری پێشكەشكردووە بە ناردنی 10 كەس بۆ میسر.

سەرۆكی دەستەی نۆكەندی سوێس لە میسر ئوسامە رەبیع بۆ سكای نیوز دەڵێت: لە بەیانی رۆژی سێشەممەوە كە كەشتییەكە گیری خواردووە هەوڵی ئاساییكردنەوەی رەوشەكەیان داوە بەڵام روبەڕووی كێشە بوونەوە بەهۆی گەورەیی كەشتییە گیرخواردووەكەوە.

كەشتییەكە بەهۆی رەشەبا و گەردەلوولی خۆڵبارینەوە لە رێڕەوی خۆی لایداوە و بەهۆی تەسكی شوێنەكەشییەوە بووە بەهۆی گرتنی رێڕەوەكە.

ئەو كەشتییەی گیری خواردووە، درێژییەكەی 400 میترە و كێشەكەی 223 هەزار تۆنە و لە رێدابووە لە چینەوە بۆ رۆتەردامی هۆڵەندا.

بەهۆی رێگری لە جوڵەی كەشتییەكان نرخی نەووت بەرێژەی 5% بەرز بووەوە لە رۆژی چوار شەممە واتا بۆ هەر بەرمیلێك 3 دۆلاری چووە سەر، ئەمەش پاش هەواڵی گیرخواردنی ژمارەیەك كەشتی دێت كە 13 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتووە.

لە نۆكەندی سوێسەوە 10ی نەوتی خاوی جیهانی دەگوزرێتەوە و نزیكەی 12%ی جوڵەی بازرگانیش لە ئەو نۆكەندەوەیە.