سەردێر

پەرلەمانتارێكی كورد: بودجە تێناپەڕێنرێت

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عیراق، بەدووريدەزانێت لە دانیشتنی ڕۆژی شەممەی داهاتووی پەرلەماندا پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی تێبپەڕێنرێت.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”ناكۆكییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان تائێستاش بەردەوامن، بۆیە زۆر قورسە لە دانیشتنی داهاتوودا پرۆژە یاسای بودجەی 2021 تێبپەڕێنرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە، ئاماژەی بە ناۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش كرد سەبارەت بە پشكی كوردستان لە بودجە و مەسەلەی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغدا، بەڵام ڕەتیكردەوە كرۆكی ناكۆكییەكان تەنیا خۆیان لەو خاڵەدا ببینەوە.

وابڕیار بوو پرۆژە یاسای بودجەی 2021 لە دانیشتنی ڕۆژی هەینی ڕابردوو كە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكرابوو تێبپەڕێنرێت، بەڵام بۆ ڕۆژی دواتر دواخرا، جارێكی تریش بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان، دانیشتنەكە خرایە ڕۆژی شەممەی داهاتوو.